ئاسایشی هەولێر هۆکارى دەستگیرکردنى عومەر فەقێى ئاشکرا کرد
مەعاز فەرحان 2 کاتژمێر پێش ئێستا
پووختەى هەواڵەکە:
- عومەر فەقێ وتاربێژ و کەسایەتییەکى ناسراوى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە.
- لەلایەن ئاسایشى هەولێرەوە لەگەڵ تۆمەتبارێکى دیکە دەستگیرکراوە.
- ماڵێکى پیشانى تەقەکەرێک داوە و هانى کەسێکى دیکەشى داوە.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر ئاشکراى کرد، عومەر فەقێ وتاربێژ و بانگخواز بە دوو تۆمەت دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.
ڕوونکردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر:
- لە 29ـى ئەیلوول، لە گەڕەکی 99ـی زانکۆ، ماتۆرسکیلێک تەقەی لە ماڵی هاوڵاتییەک بەناوى فاتمە ئیبراهیم کرد.
- دواى بەدواداچوون ناسنامەی تۆمەتباری سەرەکی ئاشکرا کرا بەناوی ( م، ع، ع ).
- بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچوو.
- تۆمەتباری ناوبراو دوای تاوانەکەی هەڵاتبوو بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان.
- لە کاتی گەڕانەوەیدا لەلایەن هێزەکانمانەوە دەستگیر کرا.
- لە درێژەی لێکۆڵینەوەکاندا، تۆمەتبارێکی دیکە کە کەسێکی ناسراوە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بەناوی (ع، م، ف) دەستگیر کراوە_مەبەستى لە عومەر فەقێیە_.
- ناوبراو لە کاتی تاوانەکەدا لە کامێراکانی چاودێریدا دەرکەوتووە کە لەگەڵ تۆمەتباری تەقەکەردا بووە.
- ماڵی هاوڵاتی فاتمەى دەستنیشان کردووە، لە ئێستادا لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.
تۆمەتى دیکە
- ئاسایشی هەولێر: عومەر فەقێ سەرەڕای ئەم تۆمەتە، تۆمەتبارە بەوەی هانی کەسێکی دیکەی داوە تەقە لە هەمان ماڵ بکات.
- ئاسایشی هەولێر: بەهۆی بوونی کێشەی لەگەڵ کوڕی ئەو ماڵە کە ناوی ( زرار )ـە.
- ئاسایشی هەولێر: زرار ، خۆیشی تۆمەتبارە بە تەقەکردن لە نووسینگەی خانوبەرەی (ع، م، ف) و لە ئێستادا بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان هەڵاتووە.
پێشتر و لە 25ـی شوباتی 2025، لەسەر ئەوەی لە دیمانەیەکدا نموونەی سەدام حوسێن، سەرۆکی پێشووتری عێراقی هێنایەوە و گوتی "گۆڕی پڕ نوور بێت." فەرمانی گرتن بۆ عومەر فەقێ دەرچوو بوو، کە ناوبراو وەک بانگخواز، وتاربێژ و چالاکوان ناسراوە.
مەعاز فەرحان
2 کاتژمێر پێش ئێستا