دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لەسەر سكاڵایەكی تایبەت بە كورسیی پێكهاتەكانی هەرێم كۆدەبێتەوە
بڕیارە ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، سەبارەت بە سکاڵایەك لەسەر کورسىی پێکھاتەکان و دیاریکردنی بازنەکانی ھەڵبژاردن، لە هەرێمى کوردستان کۆببێتەوە.
سەرچاوەیەکى یاسایی ئاگادار لە دۆسیەى سکاڵاکارەکان بە کەناڵ8ى رایگەیاند، پاڵپشتییە یاسایی و دەستوورییەکان، لەسەر سکاڵاکە لە بەرژەوەندیی سکاڵاکارەکان یەکلایی بووەتەوە، بەهۆى لەبەرچاوگرتنى دۆخ و پێشهاتى سیاسییەوە، راگەیاندنى بڕیارەکە دوادەخرێت، بەبێ ئەوەى هیچ کاتێک بۆ ئاشکراکردنى دیاریبکرێت.
هاوکات عومەر محەمەد، جێگرى سەرۆکى ئەنجوومەنى کۆمسیاران، لە کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق، بە کەناڵی8 راگەیاند، پرۆسەى یەکلاییکردنەوەى سکاڵاکە کاتى پێویستە، بۆیە چاوەڕوانناکرێت ئەمڕۆ یەکلایی ببێتەوە، پێدەچێت بڕیارەکە دوابخرێت، بۆ ئەوەى حیزبە سەرەكییەكان لەگەڵ ئەو پارتانەى کورسى کۆتایان هەیە رێکبکەون.
سەرچاوەیەکى باڵاى حیزبی تورکمانئیلى لە کەرکوک بە کەناڵ8ى راگەیاند، ئەوان کە نوێنەرى زۆرینەى تورکمانەکانى عێراق و هەرێمى کوردستانن، ئەگەر بڕیارى هەڵوەشاندنەوەى کورسىی کۆتاکان لە پەرلەمانى کوردستان بدرێت، ئەوان وەکو تورکمان زیان ناکەن، بەڵام بەشێک لە حیزبە تورکمانییەکان دژى بڕیارەکەن و پاساوى خۆیان هەیە.
گوتیشى، بەگوێرەى هەڵسەنگاندنەکانى ئەوان، ئەگەر کورسىی کۆتاکان هەڵبوەشێتەوە، ئەوان دەتوانن بە دەنگى راستەقینەى خۆیان ژمارەیەکى زۆرتر کورسى لە پەرلەمانى کوردستان مسۆگەر بکەن.
زیاد جەبار، سەرۆکى خوولى پێنجەمى فراکسیۆنى یەکێتیی لە پەرلەمانى کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعون، سەرۆکی فراکسیۆنی رافیدەین لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، لە دادگاى باڵاى فیدراڵى سکاڵایان لەسەر ماددەکانی 1 و 9 و 15 و 22 و 36 لەیاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، تایبەت بە کورسىی پێکھاتەکان و دیاریکردنی بازنەکانی ھەڵبژاردن تۆمارکردووە.
03/12/2023