دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان هەڵوەشاندنەوەی حیزبی تەقەدومی رەتکردەوە
دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانى عێراق، ئەو داوایەی رەتکردەوە کە بۆ هەڵوەشاندنەوەی حیزبی تەقەدومى محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران پێشکەشکرابوو.
بەگوێرەی نوسراوێک کە لەلایەن سەرۆکی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانەوە دەرچووە، ئاماژە بەوە دەکات، داوای تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی حیزبی تەقەدوم، پێچەوانەی حوکمەکانی مادەی 32ی بڕگەی یەکی یاسای هەڵبژاردنەکانە، داواکە رەتکراوەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە سکاڵاکەدا رێوشوێنە یاساییە دروستەکان لەبەرچاونەگیراوە، لەکاتی پێشکەشکردنی داواکە بۆ هەڵوەشاندنەوەی حزبێکی سیاسی.
رەتکردنەوەی داواکەی تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی حیزبەکەی حەلبوسی لە کاتێکدایە، هیمان تەحسین حەمید، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کاروباری حیزب و رێکخراوە سیاسییەکان، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، رۆژی 30 مانگی تشرینی دووەمی رابردوو، داوایەکی لە شێوەی سکاڵا بۆ کۆمسیۆن بەرزکردەوە، بەمەبەستی هەڵوەشاندنەوەی حیزبی تەقەدوم، کە محەمەد حەلبوسی سەرۆکایەتی دەکات.
سکاڵاکە پشتبەستووە بەوەی گوایە حەلبوسی بەبێ ڕەزامەندی فەرمانگەی کاروباری حیزب و رێکخراوە سیاسییەکان، گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای (BGR) ئەمریکی کردووە و پارەی بۆ رەوانەکردووە.
بەڕێوەبەری فەرمانگەی کاروباری حیزب و رێکخراوە سیاسییەکان روونیکردووەتەوە، بەگوێرەی فەرمانێکی ئیداریی فەرمی، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە فەرمانگەی کاروباری حیزب و رێکخراوە سیاسییەکان پێکهێنراوە بۆ لێکۆڵینەوە لەبارەى ئەو تۆمەتەى حیزبی تەقەدوم پارەی بۆ لایەنێکی بیانی حەواڵەکردووە.
03/12/2023