گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس چڕتر دەبنەوە

كاروانە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە 3ی کانوونی دووەمی 2023 لە نزیک سنووری کەرتی غەززە. فۆتۆ: AFP
كاروانە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە 3ی کانوونی دووەمی 2023 لە نزیک سنووری کەرتی غەززە. فۆتۆ: AFP

ئەمڕۆ دووشەممە 4 کانوونی یەکەمى 2023، سوپای ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنەکانی لە کەرتی غەززە فراوانتر کردووە و ژمارەی کوژراوانی خەڵکی سڤیلیش لە زیادبووندایە.

دانیال هاگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل ئێوارەی رۆژی یەکشەممە رایگەیاند "سوپای ئیسرائیل لە سەرتاسەری کەرتی غەززە بەردەوامە لە فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکان دژی حەماس”، ئاماژەی بەوەشکرد، سوپاکەیان لە هەر شوێنێک چالاکی ئەنجامدەدات کە مۆڵگەی حەماس لێیە.

پاش کۆتاییهاتنی ئاگربەست ژمارەی کوژراوان لە بەرزبوونەوە بەردەوامە، ئەشرەف ئەل قودرا، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حەماس رایگەیاندووە، لە ماوەی چەند کاتژمێری رابردوودا 316 کەس کوژراون و 664 بریندار لە ژێر داروپەردوودا دەرهێنراون و گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکان، بەڵام هێشتا زۆری دیکە هەن کە هێشتا لە ژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکاندا ماون.

هاوکات دوو شایەتحاڵ بە ئاژانسی فرانس پرێسیان گوتووە، دەیان تانک و کەشتیهەڵگری سەربازیی ئیسرائیلیان بینیوە چوونەتە ناو باشووری کەرتی غەززە و بەرەو شارۆچکەی ئەلقەرا لە باکووری خان یونس جوڵەیان پێکراوە.