کارەباى سلێمانى: لە باشترین حاڵەتدا 7 بۆ 8 کاتژمێر کارەبا بە هاونیشتمانیان دەدرێت

دیمەنی شاری سلێمانی لە شەودا. فۆتۆ: رێدوان عەدالەت
دیمەنی شاری سلێمانی لە شەودا. فۆتۆ: رێدوان عەدالەت

گوتەبێژى کارەباى سلێمانى رایدەگەیەنێت، چەند رۆژێکە کاتژمێرەکانى پێدانى کارەباى نیشتمانى زیاتر بووە و لە باشترین حاڵەتیشدا دەتوانن تەنیا 7 بۆ 8 کاتژمێر کارەبا بە هاونیشتمانیان بدەن.

سیروان محەمەد، گوتەبێژى کارەباى سلێمانى بە کەناڵ8ى راگەیاند، "ماوەى دوو رۆژە دۆخى کارەبا لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى ئاسایى بووەتەوە و کاتژمێرەکانى پێدانى کارەباى نیشتمانى زیادیکردووە".

گوتیشى، "ئێستا لە باشترین حاڵەتدا دەتوانن تەنیا 7 بۆ 8 کاتژمێر کارەباى نیشتمانى بە هاونیشتمانیان بدرێت".

ماوەى دوو هەفتەیە کاتژمێرەکانى پێدانى کارەباى نیشتمانى لە شارەکانى هەرێمى کوردستان بەڕێژەیەکى بەرچاوکەمبووەتەوە، لە 24 کاتژمێردا تەنیا سێ بۆ چوار کاتژمێر کارەبای نیشتمانی هەیە.

بەگوێرەى بەدواداچوونێکى کەناڵ8، هۆکارى کەمبوونەوەى کارەباى نیشتمانى بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، ئەو کارەبایەى لەلایەن وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستانەوە بەرهەمدەهێنرێت، بە پارێزگاکانى موسڵ و کەرکوک دەفرۆشرێت.

گوتەبێژی کارەبای سلێمانی گوتیشى، "ئەگەر ئەو کارەبایەش بگەڕێنرێتەوە، هێشتا ناتوانرێت دۆخى کەمبوونەوەى کارەبا چارەسەربکرێت".

رۆژى پێنجشەممە 30ى تشرینى دووەمى 2023، کارەبای نیشتمانی لە سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان کوژێنرایەوە و وەزارەتى کارەباش گوتى، "گرفتەکە تەكنیكییە و تیمەکانیان دەستبەجێ کێشەکەیان چارەسەرکردووە".