ژمارەى کوژراوانی کەرتی غەززە گەیشتە نزیکەى 16 هەزار کەس
وەزارەتی تەندروستی لە کەرتى غەززە رایگەیاند، بەهۆی بۆردمانەکانی ئیسرائیلەوە ژمارەی کوژراوانی كەرتەكە گەیشتووەتە نزیکەى 16 هەزار کەس.
لەراگەیاندراوێکدا کە وەزارەتەکە بڵاویکردووەتەوە، ژمارەى کوژراوانى کەرتەکە بەرزبووەتەوە بۆ 15 هەزار و 899 کەس، 70%ی کوژراوەکان ژن و منداڵن، هەر بەگوێرەى ئامارەکانى وەزارەتى تەندروستیی غەززە، ژمارەی بریندارەکان گەیشتووەتە 42 هەزار کەس.
لەلایەکی دیکەوە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاشكرایكرد، ژمارەی کوژراوانی بارمتەکان زیاتربووە و بەمەش کۆی ئەو بارمتانەی لەلایەن بزووتنەوەی حەماسەوە کوژراون گەیشتوونەتە 15 کەس.
نووسینگەکە روونیشیكردووەتەوە، ئەو بارمتانەی کوژراون 11 کەسی هاوڵاتی سڤیل و چواریان سەربازی ئیسرائیلی بوون، یەکێکیان فەرماندەیەکی باڵابووە، بەبێ خستنەڕووی زانیاریی زیاتر.
ئەوەش لەكاتێكدایە، بزووتنەوەی حەماس پێشووتر رایگەیاندبوو: "بارمتەکان بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون".
24ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، ئیسرائیل و حەماس بە نێوەندگیریی قەتەر،میسر و ئەمریکا ئاگربەستی کاتییان راگەیاند، حەماس 80 بارمتەی ئیسرائیلی و ئیسرائیلیش سێ هێندەی ئەم ژمارەیەى لە گیراوانى فەڵەستین ئازادکرد، هاوکات 137 بارمتەی ئیسرائیلی لەلای حەماس ماون.
04/12/2023