لە رووسیا پلەکانی گەرما بۆ -50 پلەی سیلیزی نزمبوونەتەوە

بەفربارین لە رووسیا - فۆتۆ: AP
بەفربارین لە رووسیا - فۆتۆ: AP

شەپۆلیکی بەفربارین مۆسکۆی پایتەختی رووسیای گرتووەتەوە و پلەکانی گەرما لەهەندێک ناوچە بۆ -53 پلەی سیلیزی نزمبووەتەوە و هاتووچۆی هاوڵاتییان و رێگاوبان و فڕۆکەخانەکانیشى وەستاندووە.

بەگوێرەی لێدوانى بەرپرسانی رووسیا، شەپۆلی بەفربارینەکە لەرۆژی یەکشەممەوە دەستیپێکردووە و نزیکەی 23 سانتیمەتر بەفر باریووە.

لەلایەكی دیكەوە، رۆژنامەی فیدۆمۆستی ئابووریی رۆژانەی رووسی بڵاویکردووەتەوە، 53 گەشتی ئاسمانیی دواخراوە و زیاتر لە پێنج گەشت لە فڕۆکەخانە جیاوازەکانی مۆسکۆ هەڵوەشێنراوەتەوە.

لە زۆرینەوەی ناوچەکانی وڵاتەکە، پلەکانی گەرما بۆ نزیکەی -50 پلەی سیلیزی دابەزیوە و لەناوچەی ئۆیمیاکون بۆ -53 پلە دابەزیوە. هاوکات شارەوانى وڵاتەکە بە تیمێکى 135 هەزار کەسى و 18 هەزار ئامرازی راماڵینی بەفرەوە، بەشدارن لەپاکكردنەوەی رێگاکان.

شارەزایانی کەشوهەوای رووسیا باسیانلەوەكردووە، ئەگەری زۆرە پلەکانی گەرما لەکۆتایی ئەم هەفتەیەدا زیاتر نزمببنەوە، بەتایبەت لەناوچەی یاکوتیا.