تەرمی ئەو سەربازە ئەمریكییانەی فڕۆكەكەیان تێكشكا دۆزرانەوە
تیمەکانی رزگارکردنی ئەمریکا و ژاپۆن، پێنج تەرمیان لەناو داروپەردووی فڕۆکەیەکی سەربازیی ئەمریکی لەجۆری ئۆسپرێی، لە نزیک کەناراوەکانی ژاپۆن دۆزییەوە و رایانگەیاند، فڕۆکەکەیان هەفتەی رابردوو تێکشکابوو.
هێزی ئاسمانیی ئەمریکا رایگەیاندووە، دەریاوانە ئەمریکی و ژاپۆنییەکان پاشماوە و تەرمی پێنج کەسیان لەتیمی فڕۆکە ئەمریکییەکە دۆزیوەتەوە کە لەبنەڕەتدا ستافی فڕۆکەکە 8 کەس بوون.
ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە، فڕۆکەی ئۆسپرێی سەربازیی ئەمریکا، هەفتەی رابردوو لەنزیک دوورگەی یاکوشیما لەکەناراوەکانی باشووری رۆژئاوای ژاپۆن بەتێکشکاوی دۆزراوەتەوە.
ژاپۆن رایگەیاندووە، پاشماوەی فڕۆکەکە دەدەنەوە بە ئەمریکا و باسیانلەوەشكردووە: "هێشتا هۆکاری ئەو رووداوە نازانرێت، بەڵام شایەتحاڵەکان رایانگەیاندووە، ئاگر و دووکەڵیان بینیوە لەیەکێک لەبزوێنەرەکانی بەرزبووەتەوە".
فڕۆکەکە لەبنەڕەتدا هەشت سەربازی بەڕەگەز ئەمریکی تێدابووە، رۆژی چوارشەممە 29ی تشرینی دووەم کاتێک لەئەرکێکی مەشقپێکردندابوون تێکشکاوە، تاوەكو ئێستاش دوو کەس لەتیمەکە بێسەروشوێنن.
فڕۆکەی ئۆسپرێی، بە کارەبا و وزەی نوێبووەوە کاردەکات و وەک هێلیکۆپتەر دەنیشێتەوە، دەتوانیت زۆر خێراتر لە فڕۆکەی ئاسایی بفڕێت. ئەم رووداوە یەکەمجار نییە بەم فڕۆکەیە و لە ژاپۆن رووبدات، چونکە لەبنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و ژاپۆن بەکاردەهێنرێت بۆ راهێنان و مەشقپێکردن.
هاوکات بەگوێرەی رێککەوتنی ئەمریکا و ژاپۆن، تۆکیۆ مافی ئەوەی نییە دەستبگرێت بەسەر کەلوپەلی سەربازیی ئەمریکا یاخود لێکۆڵینەوەی لەبارەوە بکات، ئەمەش بەومانایە دێت ژاپۆن بۆی نییە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بکات.
04/12/2023