"نهێنییە قێزەوەن"ەکەی نەوتی ئیمارات ئاشکرادەبێت
رێکخراوی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی رایگەیاند، کەرتی نەوتی ئیمارات بە ئاستێکی مەترسیدار بەرپرسە لە پیسکردنی ژینگەی وڵاتەکە.
لەگەڵ بەڕێوەچوونی لوتکەی کۆپ28 لە ئیمارات، رێکخراوی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی راپۆرتیکی 24 لاپەڕەیی بە ناوی (دەتوانیت بۆنی نەوت بکەیت لە هەوادا: سوتەمەنیی ژێرزەوی لە ئیمارات پاڵنەری ژەهراویبوونی هەوایە) بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، پیسکردنی ژینگە نهێنییەکی قێزەونی کەرتی نەوتی ئیماراتە کە دەسەڵاتی وڵاتەکە هەوڵدەدات لە جیهانی بشارێتەوە، بەڵام دەرهاویشتە کاربۆنییەکان مەترسیدارە و ناشاردرێنەوە.
مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی لە راپۆرتەکەیدا رەخنەی لە دەسەڵاتی وڵاتەکە گرتووە و رایگەیاندووە،"کەرتی سوتەمەنیی ژێرزەوی لە ئیمارات هاندەرە لە پیسبوونی کەشوهەوا و کاریگەری کوشندەی لەسەر تەندروستیی مرۆڤ هەیە، لەکاتێکدا حکومەتی وڵاتەکە خۆی وەک رابەرێکی جیهانی نیشاندەدات لە بواری ژینگە و تەندروستیدا."
ریچارد پێرسهاوس، بەڕێوەبەری بەشی ژینگە لە رێکخراوی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی لەوبارەیەوە دەڵێت "سوتەمەنیی ژێرزەوی ئەو هەوایە پیسدەکات کە هاوڵاتیان هەڵیدەمژن، بەڵام سەرکوتکاریی دەوڵەتی ئیمارات وایکردووە کەس نەتوانێت لەوبارەیەوە بێتەدەنگ".
بۆ پشتڕاستکردەوەی راپۆرتەکە، رێکخراوەکە پشتی بە زیاتر لە 30 سەرچاوەی ناوخۆیی و دەرەکی بەستووە سەبارەت بە ژینگەی ئیمارات کە ئاماژەی بەوەکردووە، ئامارەکان ئەوە پشتڕاستدەکەنەوە ژینگەی ئیمارات سێ هێندە لە ئاستی هەوایەکی تەندروست پیسترە و مەترسیی راستەوخۆی لەسەر سییەکانی مرۆڤ هەیە.
ئیمارات یەکێکە لە گەورەترین وڵاتانی بەرهەمهێنانی نەوت لە جیهاندا، ساڵی 2022 وڵاتەکە 11 ملیار بەرمیل نەوتی خاوی بەرهەمهێناوە کە دەکاتە نزیکەی %7ی بەرهەمی نەوت لە تەواوی جیهان.
04/12/2023