جۆ بایدن: حەماس توندوتیژیی سێكسی ئەنجام دەدات و دەبێت ئیدانە بكرێت
سەرۆکی ئەمریکا داوا دەکات، توندوتیژیی سێکسی کە لەلایەن بزووتنەوەی حەماسەوە ئەنجامدەدرێت، ئیدانە بکرێت.
رۆژی سێشەممە 5ی کانوونی یەکەمی 2023، جۆ بایدن لە بانگەشەیەکی هەڵبژاردندا لەشاری بۆستن گوتی: "جیهان ناتوانێت چاو بەڕووی ئەو شتانە دابخات کە روودەدەن، دەبێت هەموومان توندوتیژیی سێکسی تیرۆریستانی حەماس بەتوندی و بەبێ دووفاقی ئیدانە بکەین".
سەرۆكی ویلایە یەكگرتووەكانی ئەمریكا گوتیشی، چەكدارانی حەماس زۆرترین ئازار و مەینەتییان بەسەر ژنان و کچاندا هێناوە.
بایدن چیرۆکی رزگاربووان و شایەتحاڵانی رووداوەکانی دەستدرێژی لەلایەن حەماسەوە گێڕایەوە و ئاماژەی بەوەكرد، ژنە ئیسرائیلییەکان لەلایەن حەماسەوە دەستدرێژییان کراوەتەسەر، لێیاندراوە و جەستەیان شێوێنراوە، پاش ئەوەی لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە لەهێرشی 7ی ئۆکتۆبەردا بەبارمتە گیران.
بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی، تۆمەتبار دەکرێت بە ئەنجامدانی دەستدرێژی و کردەوەی دیکە، ئەوکاتەی هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەری بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجامدا، لەبەرامبەردا، حەماس ئەم تۆمەتانە رەتدەکاتەوە و دەڵێت: "بۆ ناشرینکردنی وێنەمانە".
هاوکات هەریەک لە ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپا، حەماس وەک گرووپێکی "تیرۆریستی" ناوزەد دەکەن.
06/12/2023