سعودیە لە باجی 30 ساڵی سەر کۆمپانیاکان خۆشدەبێت

لێخۆشبوونەكە بەشێكە لە بەرنامەی "راکێشانی بنکەی هەرێمی کۆمپانیا جیهانییەکان"- فۆتۆ: AP
لێخۆشبوونەكە بەشێكە لە بەرنامەی "راکێشانی بنکەی هەرێمی کۆمپانیا جیهانییەکان"- فۆتۆ: AP

وڵاتی سعودیە لە چوارچێوەی بەرنامەی هەمەجۆرکردنی ئابووریی وڵاتەکەی، رایگەیاند، بۆ ماوەی 30 ساڵ لە باجی سەر هەموو کۆمپانیایەکی فرە رەگەز خۆشدەبن، بە مەرجێک بارەگای سەرەکیی (هەرێمی) ئەو کۆمپانیایانە لە ریازی پایتەخت بێت.

وەزارەتی وەربەرهێنانی سعودیە لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد "پاکێجی لێخۆشبوونەکە لە سفر کردنەوەی هەر باجێک پێکدێت کە بۆ هاتنە ناوەوەی کۆمپانیاکان وەردەگیرا بۆ ناو سعودیە".

محەمەد ئەلجەدان، وەزیری دارایی سعودیە دەڵێت "بڕیاری لێخۆشبوون لە باج، هانی کۆمپانیا فرە رەگەزەکان دەدات، بارەگای سەرەکییان بهێننە ریزی پایتەختی سعودیە".

بەرنامەی "راکێشانی بنکەی هەرێمی کۆمپانیا جیهانییەکان" کە لەمانگی شوباتی ساڵی 2021 لە ریاز راگەیەندرا و وەک هەوڵێک بۆ رکابەریی دراوسێکەی کە ئیماراتە، سەیر دەکرێت بەتایبەتی دوبەی کە بووەتە بنکەی دڵخوازی کۆمپانیا جیهانییەکان".

بەرنامەکە کۆمەڵێک سوود و هاندان لەخۆدەگرێت، لەوانە ئەگەری بەدەستهێنانی ژمارەیەکی بێسنوور لە ڤیزەی کارکردن و بەخشینی کۆمپانیاکە بۆ ماوەی 10 ساڵ لەو مەرجەی کە بەسەر سەرجەم کۆمپانیاکانی سعودییەدا سەپێندراوە کە ئەویش "تەرخانکردنی رێژەیەکی دیاریکراو لە هەلی کاری کۆمپانیاکانە بۆ هاوڵاتییانی سعودیە".

خالید ئەلفالح، وەزیری وەبەرهێنانی سعودیە، گوتی : "تاوەکو ئێستا ئەم بەرنامەیە بەشدار بووە لەراکێشانی زیاتر لە 200 کۆمپانیا".

ئەم راگەیەندراوەی بەرپرسانی سعودیە دووبارە وەبیرهێنانەوەیە بەم بەرنامەیە کە مۆڵەتی کۆتاییهاتنی وادەکەی لە کانوونی دووەمی 2024ە بۆ ئەوەی ئەو کۆمپانیانە بارەگا سەرەکییەکانیان (بارەگای هەرێمی) لە وڵاتەکە بکەنەوە.

شارەزایان پرسیاری ئەوە دەکەن ئایا پەلەقاژەی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بۆ گواستنەوەی بارەگای هەرێمیی خۆیان بۆ سعودیە دەگەڕێتەوە بۆ خواستی ئەم کۆمپانیایانە بۆ ئەوەی سوودمەند بن لەو ئۆفەرانەی ریاز پێشکەشیدەکات، یان تەنها هەوڵێکە لەلایەن ئەوانەوە بۆ بەدەستهێنانی گرێبەستی حکومی لە سعودیەکان؟.