كاریگه‌ریی خواردنەوە كحولییەکان له‌سه‌ر جگه‌ر 

زۆر خواردنەوەی خواردنەوە کحولییەکان کاریگەریی خراپ لەسەر تەندروستیی جگەر دروستدەکەن. فۆتۆ:gettyimages
زۆر خواردنەوەی خواردنەوە کحولییەکان کاریگەریی خراپ لەسەر تەندروستیی جگەر دروستدەکەن. فۆتۆ:gettyimages

یه‌کێک له‌ هۆکاره‌کانی تووشبوون به‌ بەریشاڵبوونی جگه‌ر‌، خواردنه‌وه‌ی کحوله‌ به‌ رێژه‌یه‌کی زۆر. ئه‌م حاڵه‌ته‌ زیاتر له‌و که‌سانه‌دا روودەدات که‌ بۆ چه‌ندین ساڵ به‌ به‌رده‌وامی و به‌ رێژه‌یه‌کی زۆر ده‌خۆنه‌وه‌.

 په‌یوه‌ندی نێوان کحول و نەخۆشییەکانی جگه‌ر، بابه‌تێکی ئاڵۆزه‌، هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ش که‌ به‌رێژه‌یه‌کی زۆر ده‌خۆنه‌وه‌، تووشی بەریشاڵبوونی جگه‌ر نابن، به‌ڵام ئەگەر که‌سێک تووشببێت و هۆکاره‌که‌شی زۆر خواردنەوەی ماددە کحولییەکان بێت، ناچاره‌ واز له‌ خواردنه‌وه‌ بهێنێت، چونکه‌ ئەگه‌ر که‌سه‌که‌ به‌رده‌وام بێت له‌ خواردنه‌وه‌، مه‌ترسیی زیاتر له‌سه‌ر جگه‌ری دروستده‌کات و ره‌نگه‌ ببێته‌ هۆی گیانلەدەستدانی.

نیشانەکان بریتینلە:

  • زه‌ردوویی، که‌ له‌ سپێنه‌ی چاودا بەڕوونی هه‌ستی پێده‌کرێت
  • که‌مبوونەوەی ‌حەزی خواردن
  • ئێڵنج و رشانه‌وه‌
  • ئازاری سک
  • تا
  • ئەگەر حاڵه‌ته‌که‌ش توند بێت، ئاوسانی سک به‌ هۆی کۆبوونه‌وه‌ی ئاو، سه‌رگێژخواردن و گۆڕانکاری له‌ ره‌فتاردا به‌ هۆی کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌و مادده‌ ژه‌هراوییانه‌ی که‌ له‌ کاتی ئاساییدا له‌ رێی جگه‌ره‌وه‌ ده‌کرێنە دەرەوەی جەستە
  • له‌ حاڵه‌تی توندتریشدا، نه‌خۆش تووشی سستی گورچیله‌کانی ده‌بێت


کێ زیاتر مەترسی لەسەرە؟

  • ژنان مه‌ترسی تووشبونیان زیاتر له‌سه‌ره‌ به‌راورد به‌ پیاوان
  • قه‌ڵه‌وی مه‌ترسیی تووشبوون زیاد ده‌کات.
  • چه‌ند توێژینه‌وه‌یه‌ک ده‌ریان خستووه‌ که‌ بۆماوەییش کاریگه‌ری هه‌یه‌ له‌سه‌ر زیادکردنی مه‌ترسی تووشبوون له‌و که‌سانه‌دا که‌ بەرێژەیەکی زۆر خواردنەوە کحولییەکان دەخۆنەوە
  • ئەو کەسانەی بڕێکی زۆر لە خواردنەوە کحولییە قورسەکان دەخۆن مەترسییان زیاتر لەسەرە بەراوورد بەو کەسانەی بڕێکی کەمتر دەخۆنەوە

لێکەوتەکانی بەریشاڵبوونی جگەر بەهۆی زۆر خواردنەوەی ماددە کحولییەکانەوە:

  • گه‌وره‌ بوونی مولووله‌کانی خوێن که‌ ره‌نگه‌ ببێته‌ هۆی ته‌قینیان و گه‌ڕانه‌وه‌ی خوێن بۆ گەدە و سورێنچک
  • کۆبوونه‌وه‌ی ئاو لەنێو سکدا کە دەبێتە هۆی ئاوسانی سک
  • تێکچونی باری هۆشداری و خاوبوونه‌وه‌ی قسه‌کردن به‌ هۆی زیانی مێشکه‌وه‌
  • برینداربوون و له‌کارکه‌وتنی جگه‌ر
  • مردن

    لەبەر ئەم هۆکارانە، دەستنیشانکردنی ئەم حاڵەتە و وازهێنان لە خواردنەوە کحولییەکان و وەرگرتنی چارەسەری پێویست، ئەو هەنگاوە گرنگانەن کە دەبێت نەخۆش پەیڕەویان بکات.

ئەم حاڵەتە چۆن چارەسەر دەکرێت؟

نه‌خۆش هه‌ر کات نیشانه‌کانی  بەریشاڵبوونی جگه‌ری هه‌بوو، ده‌بێت بەزوویی سه‌ردانی پزیشکی پسپۆری نه‌خۆشییه‌کانی هه‌رس و جگه‌ر بکات، چونکه‌ ئه‌م نه‌خۆشییه‌ مه‌ترسیداره‌ و ره‌نگه‌ ببێته‌ هۆی گیانلەدەستدانی که‌سه‌که. لە قۆناغی یەکەمی چارەسەردا، پزیشکی پسپۆر خواردنەوە کحولییەکان لە نەخۆشەکە قەدەغە دەکات و بەگوێرەی قورسی هەوکردنەکەی، چارەسەری پێویستی بۆ دەنووسێت.