بەشێک لەلایەنەکانی کۆنفراسی کەشوهەوا جەنگ و ململانێکان بەهۆکاری پیسبوونی ژینگە دەزانن
وڵاتان و ئەو ناوچانەی نوقمی ململانێ چەکدارییەکانن، ئەمڕۆ لە کۆنفرانسی کەشوهەوا لە دوبەی، تیشکیان خستە سەر کاریگەرییە خراپەکانی جەنگ لەسەر پیسبوونی وڵاتەکانیان و خراپترکردنی کاردانەوەکانی گۆڕانی کەشوهەوا.
جگە لە ململانێکانی ئیسرائیل و حەماس لە کەرتی غەززە، ئۆکرانیا، یەمەن و سووریا لە هێڵی پێشەوەی ئەو وڵاتانەدان بەهۆی جەنگەوە گۆڕانی کەشوهەوا تیایاندا روویداوە، هاوکات کەمیی ئاو و وشکەساڵی و بچووکبوونەوەی زەوییە کشتوکاڵییەکان و سوتانی دارستانەکان و لافاو بەشێکی دیکەن لە کێشەکانیان.
هادیل خامیس، ئەندامێکی شاندی فەڵەستین لە کۆنفرانسەکە، دەڵێت : "پلانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا داڕشتبوو، بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگدا هیچ شتێک نەما".
ئاماژەی بەوەشکرد "وێستگەکانی پاککردنەوەی ئاوی پیس، عەمبارەکانی کۆکردنەوەی ئاو و بیرەکان، روخێنراوون".
هاوکات رۆبەرت ماردینی، سەرۆکی لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور، دووپاتیکردەوە "هەندێک پڕۆژەی بچووک هەبوون لە ساڵانی رابردوودا لەلایەن لیژنەکەیانەوە پاڵپشتیکراوون تاوەکو یارمەتیی هەندێک لە حکومەتەکان بدەن رووبەڕووی دەرئەنجامەکانی گۆڕانی کەشوهەوا ببنەوە، بەڵام بە داخەوە ئەم پرۆژانە سەرجەمیان بەهۆی جەنگەوە وەستاوون".
لە کۆنفراسەکەدا تیشکخرایە سەر هەندێک لە وڵاتان کە بە هۆکاری جیاواز دووچاری کێشە ژینگەییەکان و گۆڕانی کەشوهەوا بوونەتەوە.
لەمیانی کۆنفرانسەکەدا ڤیکتۆریا کیریڤا، جێگری وەزیری ژینگەی ئۆکرانیا پشتڕاستیکردەوە کە شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا بووەتە هۆی دەردانی نزیکەی "150 ملیۆن تۆن" لە دووەم ئۆکسیدی کاربۆن.
هەر بەگوێرەی وەزارەتی ژینگەی ئۆکرانیا، شەڕەکە تاوەکو ئێستا زیانی بە نزیکەی 30%ی دارستانەکان و 20%ی پارکە سروشتییە نیشتمانییەکان گەیاندووە.
بەرنامەی پەرەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئۆکرانیا تێچووی زیانەکانی ژینگەی وڵاتەکەی تاوەکو سەرەتای مانگی رابردوو، بەنزیکەی 56 ملیار دۆلار خەمڵاندووە.
وڵاتێکی دیکە کە بەدەست ململانێکانەوە دەناڵێنێت، زۆرترین کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوای لەسەر بووە، یەمەنە کە لە ساڵانی رابردوودا لافاو و بارانی بەخوڕی بینیوە.
لەکۆتاییەکانی مانگی تشرینی یەکەمدا، زریانی تيج بووە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوون، ئاوارەبوونی نزیکەی دە هەزار کەس، ئەمە جگە لەوەی بەشێکی زۆری شارەکان بەهۆی باران و زریانەوە وێرانبوون.
هاوکات سووریا دوای زیاتر لە دە ساڵ ململانێ و جەنگ کە زیاتر لە نیو ملیۆن کەسی کوشتووە، بووەتە هۆی وێرانکارییەکی گەورەی ژێرخانی سووریا، لە ئێستادا سووریا بەدەست زیانێکی بێئەندازەی ژینگەییەوە دەناڵێنێت.
بە گوتەی سوهەیر زەقوت، گوتەبێژی لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور، بەرهەمی کشتوکاڵی لە سووریا لەماوەی دە ساڵی رابردوودا بەڕێژەی نزیکەی 50% کەمیکردووە.
جیهاد کەنعان، یاریدەدەری وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی سووریا دەڵێت : "باندەکان بەشێوەیەکی سیستماتیکی دامەزراوە ئاوییەکانمانیان لەناوبرد، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کەناڵەکانی ئاوەڕۆ لەکار بکەون".
ئەمە لەکاتێکدایە سووریا، یەمەن و لیبیا لە هاوکارییە نێودەوڵەتییەکانی کەشوهەوا بێبەشن، چونکە مەرجەکان جێبەجێ ناکەن، حکومەتەکانیان لاوازن، جگە لەوەی مەترسی ئەوە هەیە پارەکە بکەوێتە دەستی ئەو دەستە و تاقمانەی لەئاستی نێودەوڵەتیدا دانپێدانانیان نییە، یان گرووپە چەکدارەکان.
08/12/2023