پوتن خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی رووسیا بەربژێر دەكاتەوە

پوتن بەدووەم دەسەڵاتداری رووسیا دادەنرێت کە زۆرترین ماوە لەسەر حوکم بووبێت پاش جۆزێف ستالین-فۆتۆ:AP
پوتن بەدووەم دەسەڵاتداری رووسیا دادەنرێت کە زۆرترین ماوە لەسەر حوکم بووبێت پاش جۆزێف ستالین-فۆتۆ:AP

ئاژانسی هەواڵی تاس-ی رووسی رایگەیاند، ڤیلادیمیر پوتن سەرۆکی رووسیا، بڕیاریداوە جارێکی دیکە خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی وڵاتەکەی بەربژێر بکاتەوە، کە بڕیارە ئەو هەڵبژاردنە لە ئازاری ساڵی 2024 بەڕێوەبچێت.

ئەمڕۆ هەینی، 8ی کانوونی یەکەمی 2023، پوتن لەمیانی ئامادەبوونی لە ئاهەنگی خەڵاتکردنی ئەندامانی سوپاکەی بڕیاری خۆی بۆ دووبارە بەربژێربوونەوە بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی وڵات بە کۆلۆنێل ئارتیوم جۆگا، فەرماندەی سوپای وڵاتەکەی راگەیاندووە.

لەلایەکی دیکەوە لیژنەی هەڵبژاردنی رووسیا رایگەیاند، سێ رۆژیان تەرخانکردووە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لە خولی یەکەمدا لەو وڵاتە.

رۆژەکانیش لە 15ی مانگی ئازاری 2024 تاوەکو 17ی مانگ بەردەوامدەبێت، ئەمەش بەگوێرەی رەخنەگران لە سیاسەتی کرێملن رێگەخۆشکەرە بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە هەڵبژاردنەکان و ساختەکاری.

دەگوترێت "لەرووسیا تاوەکو ئێستا هیچ بەربژێرێک رکابەری توندی پوتن نییە، نزیکەی سەرجەم بەربژێرە بەهێزەکانی ئۆپۆزسیۆن لەزیندانن یاخود دوورخراونەتەوە و کاندیدە سەربەخۆکان هیچ چانسێکی سەرکەوتنیان نییە".

بەگوتەی ئۆپۆزسیۆنی رووسیا، دیاریکردنی سێ رۆژ بۆ هەڵبژاردنەکان، دەستکاریکردنی کارتەکانی دەنگدان ئاسانتر دەکات، چونکە بۆ ماوەی سێ رۆژ دەنگەکان دەهێڵرێتەوە.

لەساڵی 2020دا و لە گەرمەی پەتای کۆرۆنادا دەستووری ئەو وڵاتە چاکسازی تێدا کرا و ئەمەش مشتومڕی زۆری لەدوای خۆی دروستکرد و بەگوێرەی ئەو دەستوورە ڤیلادیمێر پوتن کە لە ساڵی 2000ەوە هاتە سەر دەسەڵات، ئەگەری مانەوەی تاوەکو ساڵی 2036 هەیە.

ڤیلادیمیر پوتن ساڵی 1952 لەدایکبووە و لەگەڵ هەواڵگریی رووسیا کاریکردووە، لەساڵی 1999ـەوە خاوەن دەسەڵاتی وڵاتی رووسیایە، پێشتر وەک سەرۆکوەزیران و پاشان وەک سەرۆک دەسەڵاتی وەرگرتووە.

پوتن بەدووەم دەسەڵاتداری رووسیا دادەنرێت کە زۆرترین ماوە لەسەر حوکم بووبێت پاش جۆزێف ستالین، کە بۆماوەی 29 ساڵ حوکمڕانیی یەکێتیی سۆڤیەتی جاران، یاخود رووسیای ئێستای کردووە.