بۆ یەكەمجار ژنێك دەبێتە بەربژێری سەرەکی پۆستی سەرۆکی بانکی وەبەرهێنانی ئەوروپا
لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دارایی یەکێتیی ئەوروپا لە برۆکسل، وەزیری ئابووریی ئیسپانیا وەک بەربژێری یەکلاکراوە، بۆ پۆستی سەرۆکی بانکی وەبەرهێنانی ئەوروپا دیاریکرا.
ڤینسێنت ڤان پێتێگم، وەزیری دارایی بەلجیکا، لەپاش کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتییەکە رایگەیاند: "لەکۆبوونەوەی رۆژی 8ی کانوونی یەکەمی 2023دا گەیشتووینەتە رێککەوتن بۆ هەڵبژاردنی نادیا کالڤینۆ، وەزیری ئابووریی ئیسپانیا، وەک بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆکی بانکی وەبەرهێنانی ئەوروپا".
ئاماژەی بەوەشکرد: "سەرۆکێکی بەهێزی بانکی وەبەرهێنانی ئەوروپامان دەبێت".
نادیا کالڤینۆ، لەپاش ئەوەی بەفەرمی وەک بەربژێری یەکێتیی ئەوروپا دەستنیشانکرا، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "سوپاسگوزارم و شانازی دەکەم، پشتیوانیی هاوکارانی وەزیرانی داراییم هەیە".
هاوکات پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا، پێشوازی لەم بڕیارە کرد و بە مایەی شانازی بۆ ئیسپانیای وەسفیكرد و گوتیشی: "ئەم هەنگاوە ئامادەبوون و کاریگەریی ئیسپانیا لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەهێزتر دەکات."
بانکی وەبەرهێنانی ئەوروپا، باڵی قەرزپێدانی یەکێتیی ئەوروپایە و گرنگییەکەی دوای شەڕی ئۆکرانیا زیاتر بوو، کالڤینۆی 55 ساڵ یەکەم ژن دەبێت سەرۆکایەتی بانکەكە وەربگرێت، هەروەها شوێنی هۆیەری 72 ساڵ، سەرۆکی ئێستای بانكەكە دەگرێتەوە، کە دووەم خولی شەش ساڵەی لە 31ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵدا کۆتایی دێت.
08/12/2023