ئەمریکا؛ مامۆستایەکى زانکۆ سێ هاوکاری خۆی دەکوژێت

پۆلیس لە شوێنی رووداوەکە. فۆتۆ: AP
پۆلیس لە شوێنی رووداوەکە. فۆتۆ: AP

مامۆستایەك لە زانكۆی نیڤاداى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، بەدەستڕێژی گوللە كۆتایی بەژیانی سێ مامۆستای دیكەی هاوكاریهێنا.

بەگوێرەى ئەو زانیاریانەی میدیا ئەمریکییەکان بڵاویانکردووەتەوە، مامۆستایەكی تەمەن 67 ساڵ، بەناوى ئەنتۆنى بۆلیتۆ، لەزانکۆى نیڤادا لە ویلایەتى لاس ڤێگاسى ئەمریکا، پاش چوونی بۆ ئەو زانکۆی مامۆستا بووە تێیدا، بە دەمانچە دەستڕێژی گوللە لە هاوکارەکانی دەکات و لە ئەنجامدا سێ مامۆستا دەکوژێت.

كیڤن مەكماهیل، بەڕێوەبەری پۆلیس لەکۆنفرانسێکى رۆژنامەوانیدا بۆ میدیاى وڵاتەکەى رایگەیاند، "پاش دەستگیرکردنی مامۆستاکە، دەستبەسەر نۆ مەخزەنی پڕ گوللـەی دەمانچەی عەیار نۆ ملیمدا گیراوە، هێشتا هۆكاری رووداوەكە بەتەواوی روون نەبووەتەوە و پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ مامۆستا تۆمەتبارەكە كراوەتەوە.

بەڕێوەبەری پۆلیس گوتیشی، ئەنتۆنی بۆلیتۆ مامۆستا تۆمەتبارەكە، کاتژمێر 11:28ی پێشنیوەڕۆ بەكاتی ناوخۆیی ئەمریکا، بەئۆتۆمبێلێكی لێكزسی 2007 گەیشتووەتە زانكۆكە، پاش ئەوەی لە ئۆتۆمبێلەكەی هاتووەتە خوارەوە، چووەتە زانكۆ و دەستیكردووە بەدەستڕێژی گوللـە و سێ مامۆستای زانكۆكەی خۆی كوشتووە".