یەکێتیی ئەوروپا سزای ئابووری بەسەر چوار سەرکردەی حەماسدا سەپاند
رێکخراوی یەکێتیی ئەوروپا، محەمەد زێف، سەرکردەی کەتیبەکانی عیزەدین قەسام و مەروان عیسای جێگری خستنە لیستی تیرۆرەوە و گەمارۆی ئابووریی بەسەردا سەپاندن.
ئەنجوومەنی ئەوروپا لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، ئەو دوو کەسە هەموو داهات و سامانێکیان لە دەوڵەتانی ئەندامی رێکخراوی یەکێتیی ئەوروپا بلۆک دەکرێت، قەدەغەشە هیچ کەسێک لە یەکێتیی ئەوروپا دارایی و سامانی ئابووریی بۆ ئەو کەسانە دەستەبەر بکات.
ئەو هەڵوێستە نوێیەی یەکێتیی ئەوروپا لە لە کاتێکدایە، حکومەتی فەڕەنسا رۆژی سێشەممەی رابردوو، بڕیاری بلۆککردنی سامانی یەحیا سینوار، سەرۆکی بزووتنەوەی حەماسیدا و بڕیارەکەش بۆ ماوەی شەش مانگ بەردەوامدەبێت.
بە گوێرەی بڕیارەکەی حکومەتی فەڕەنسا، گەشتکردن لە شەش کەس قەدەغە دەکرێت کە چوار کەسیان سەرکردەی حەماسن و دوان لەوانە محەمەد زێف و یەحیا سینوارن، دوانەکەی دیکەش لەو کەسانەن کە کۆمەکی دارایی پێشکەشی بزووتنەوەی حەماس دەکەن.
گرتنەبەری ئەو رێوشوین و سزا ئابووریانە دژی سەرکردەکان حەماس لە کاتێکدایە، رۆژی 7ی تشرینی یەکەمی رابردوو، بزووتنەوەی حەماس لە هێرشێکدا بۆسەر بنکە و بارەگا سەربازییەکان و ناوچە ئاوەدانییەکانی ئیسرائیل لە دەوروبەری کەرتی غەززە، توانی زیاتر لە هەزار و 200 ئیسرائیلی بکوژێت، کە زۆرینەیان هاوڵاتیی مەدەنی بوون، لە بەرامبەریشدا ئیسرائیل هێرشێکی فراوانی کردە سەر غەززە کە تاوەکو ئێستا بەردەوامە و بەهۆیەوە زیاتر لە 17 هەزار کەس کوژراون و زیاتر لە 46 هەزار کەسیش بریندار بوون، زۆرینەی قوربانییەکانیش ژن و منداڵن.
09/12/2023