وەزیری بەرگریی ئەمریکا: وەڵامی یەکلاکەرەوەمان بۆ هێرشی گرووپە چەکدارییەکان دەبێت

لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا. فۆتۆ: AP
لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا. فۆتۆ: AP

لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا جەختیکردەوە لە مافی وڵاتەکەی بۆ بەرپەرچدانەوە و بەرگریکردن لە خۆی لە دژی هەر گرووپێک کە هێرش دەکەنەسەر هێزەکانی ئەمریکا.

لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئۆستن رایگەیاند، هەردوو گرووپی کەتیبەکانی حزبوڵای عێراق و بزووتنەوەی نوجەبا کە لە لیستی تیرۆری ئەمریکادان و لەلایەن ئێرانەوە کۆمەک دەکرێن، بەرپرسن لە زۆرینەی ئەو هێرشانەی دەکرێنەسەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان.

وەزیری بەگریی ئەمریکا دووپاتیکردەوە، واشنتن بە مافی خۆی دەزانێت وەڵامێکی یەکلاکەرەوەی هەبێت دژی ئەو گرووپانە، جەختیشیکردەوە، هێرشی گرووپە چەکدارەکانی نزیک ئێران کاریگەریی لەسەر لاوازکردنی سەروەریی عێراق دەبێت و هەڕەشەیە بۆسەر ئارامی و ئاسایشی وڵاتەکە.

بە گوێرەی بەیاننامەیەکی پنتاگۆن، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان ئۆستن و سودانی، باس لە پابەندبوونەکانی حکومەتی عێراق کراوە بۆ پاراستنی دیپلۆماتکار، کارمەندانی هاوپەیمانان و دامەزراوەکانیان لە عێراقدا.

هاوکات ستایشی بەیاننامەکەی نووسینگەی سودانیی کردووە سەبارەت بە ئیدانەکردنی هێرشەکە و بە کارێکی "تیرۆریستیانەی" لە قەڵەمداوە، بەو پێیەی ئاسایشی ناوخۆی عێراق دەخاتە مەترسییەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، کاتژمێر 4:15 خوولەکی بەرەبەیانی هەینی، بە دوو مووشەک هێرشکرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد.