ئۆکرانیا: رووسیا خۆى بۆ هێرشێکى نوێ ئامادە دەکات

ژمارەیەک سەربازی ئۆکرانی لە بەرەکانی جەنگدا. فۆتۆ: AP
ژمارەیەک سەربازی ئۆکرانی لە بەرەکانی جەنگدا. فۆتۆ: AP

وەزیرى دەرەوەى ئۆکرانیا هۆشدارى لە هێرشى نوێى سوپاى رووسیا دەدات بۆ سەرخاکى وڵاتەکەى و دەڵێت، خۆیان بۆ بەرپەرچدانەوەى هێرشەکانى مۆسکۆ ئامادە دەکەن.

ئەمڕۆ شەممە، 9ى کانوونى یەکەمى 2023، دیمیتری کولێبا، وەزیرى دەرەوەى ئۆکرانیا رایگەیاند، "نابێت بەهیچ شێوەیەک شەڕەکە پشتگوێ بخرێت و دەرفەت بە سوپاى رووسیا بدرێت جارێکى دیکە هێز بۆ لەشکرکێشییەکی نوێ کۆبکاتەوە".

دیمیتری کولێبا، بە رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵى راگەیاندووە، "هەر پشتگوێخستنێکى شەڕەکە، دەبێتە دەرفەتێک لەلایەن رووسیا بۆ بونیادنانی توانای سەربازیی خۆی بۆ ئەوەی بە هێزێکی نوێوە هێرش بکاتەسەر ئۆکرانیا".

گوتیشى، "سوپاى رووسیا خۆى بۆ هێرشێکى نوێ بۆسەر خاکى ئۆکرانیا ئامادە دەکات".

بەگوتەى وەزیرى دەرەوەى ئۆکرانیا، "ئۆکرانیا یەکە نوێیەکان بۆ گەڕانەوەی ئۆپەراسیۆنە هێرشبەرییەکان و بەرگرییەکان بەدرێژایی تەواوی هێڵی پێشەوە ئامادە دەکات".

ئاماژەى بەوەشکردووە، "سوپاى ئۆکرانیا لیواکانى بۆ ئۆپەراسیۆنی نوێی دژەهێرش و بەرگری دادەمەزرێنێت".

ئەوە لەکاتێکدایە ماوەى دووهەفتەیە سوپاى رووسیا هێرشێکى چڕى بۆ کۆنترۆڵکردنى ئاڤدێڤکا، لە رۆژهەڵاتى دۆنێتسک دەستپێکردووە، بەڵام سوپاى ئۆکرانیا بەرپەرچى سەرجەم هێرشەکانى داوەتەوە.