بلینکن: لەگەڵ شاندی وڵاتانی عەرەبی دەربارەی دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین گفتوگۆمان کردووە

کۆبوونەوەکەی بلینکن و شاندی وڵاتانی عەرەبی
کۆبوونەوەکەی بلینکن و شاندی وڵاتانی عەرەبی

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ شاندی وڵاتانی عەرەبی و رێکخراوی کۆنگرەی ئیسلامی لە واشنتن، گفتوگۆیان لەسەر دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین کردووە.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا لەهەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە " گفتوگۆیانکردووە دەربارەی ئامانجی هاوبەشی هەمووان کە خۆی لە بونیادنانی دەوڵەتی سەربەخۆی فەڵەستین دەبینێتەوە لە پاڵ ئیسرائیل لە داهاتوودا".

لە گفتوگۆکاندا شاندی وڵاتانی میسر، ئوردن، قەتەر، سعودیە، تورکیا و دەسەڵاتی فەڵەستین بەشداربوون و تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان تەرخانکرابوون بۆ دابینکردنی پێداویستییە مرۆییەکان بۆ دانیشتووانی کەرتی غەززە.

دوێنێ هەینی، لیژنەی وەزاریی کۆنگرەی عەرەبی و ئیسلامیی هاوبەش لە واشنتن لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبوونەتەوە، لیژنەکە داوای لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردووە، رێوشوێنی پێویست بەرامبەر ئیسرائیل بگرێتەبەر بۆ ئەوەی ناچار بکرێت ئاگربەست لە غەززە رابگەیەنێت.

لیژنەی وەزاریی کۆنگرەی عەرەبی و ئیسلامی جەختیان لە دۆزینەوەی کەشێکی سیاسی راستەقینە کردووەتەوە کە لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیل، دەوڵەتی سەربەخۆی فەڵەستینیش دابمەزرێت، بەو شێوەیەی کە لە بڕیارە نێودەوڵەتییەکاندا جەختیلێکراوەتەوە و سنوورەکەی بگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1967.