كۆمەڵەی بانکە تایبەتەکانی عێراق ئاماری دروستكردنی هەژماری بانکی راگەیاند
کۆمەڵەی بانکە تایبەتەکانی عێراق، رایگەیاند "لە ماوەی نۆ مانگی ئەمساڵدا، زیاتر لە یەک ملیۆن و 200هەزار هەژماری بانکی لە عێراق، دروستکراوون".
عەلی تاریق، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمەڵەی بانکە تایبەتەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا، ئاماژەی بەوە كرد : "کەرتی بانکی عێراق گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینییوە، ئەم بەرەوپێشچوونە دەگەڕێتەوە بۆ هەوڵەکانی بانکی ناوەندیی عێراق".
گوتیشی :" بانکەکان و کۆمپانیاکانی پارەدانی ئەلیکترۆنی ژێرخانێکی ئابووری باشیان هەیە و لەگەڵ فراوانبوونی بەرچاوی خزمەتگوزارییەکانیان متمانەی نێوان کەرتی بانکی و هاوڵاتیان زیادیکردووە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، هەژمارە بانکییەکان بە رێژەی 14% گەشەیان کردووە و گەیشتوون بە یەک ملیۆن و 200 هەزار هەژماری بانکی تاوەکو 30ی ئەیلوولی 2023.
سەبارەت بە ژمارەی کارتی بانکی گوتی : "ژمارەی کارتی بانکی بەرێژەی 14.2% زیادیکردووە، بانکەکان و کۆمپانیاکانی پارەدانی ئەلیکترۆنی لە ماوەی نۆ مانگی رابردوودا گەیشتووەتە دوو ملیۆن و 300 هەزار کارتی بانکی، بەمەش کۆی کارتەکان بووە بە 18 ملیۆن و 500 هەازر کارتی بانکی یان کریدیت".
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری كۆمەڵەی بانكە تایبەتەكانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو گۆڕانکارییانەی لە کەرتی دارایی عێراقدا روودەدات گرنگە بۆ بەدەستهێنانی چاکسازیی ئابووری، کە پشتیوانی حکومەت و بانکی ناوەندی و گۆڕانکاری لە پرۆسەی گواستنەوەی دارایی بازرگانی دەرەکی وایکردووە هەژماری بانکی کۆمپانیاکان بەشێوەیەکی بەرچاو روو لە زیاد بوون بکات".
هاوڵاتیانی عێراقی لەپاش رێکارەکانی بانکی ناوەندی و بە ئەلیکترۆنیکردنی سیستمی وەرگرتنی دۆلار و رێکارە نوێکان کە بەنیازە لە ساڵی نوێدا بیگرێتە بەر، روویان کردۆتە کردنەوەی هەژماری بانکی و بەکارهێنانی کارتی کریدیت.
11/12/2023