زێلێنسکی و بایدن لە واشنتن کۆدەبنەوە

ڤلۆدیمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا.
فۆتۆ:ئەنادۆڵ
ڤلۆدیمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا. فۆتۆ:ئەنادۆڵ

لەسەر بانگهێشتی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، ڤلۆدیمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا دەچێتە واشنتن و بڕیارە لە کۆشکی سپی باس لە بەردەوامی هاوکاریی ئەمریکا بۆ ئەو وڵاتە بکرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە، 11ی كانوونی یەكەمی 2023، کۆشکی سپی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە كرد، هەردوو سەرۆک لە کۆبوونەوەکەیاندا باس لە پێداویستییە سەرەکییەکانی ئۆكرانیا دەکەن.

ئەم سەردانەی زێلێنسکی بۆ واشنتن لە سەرووبەندی چاوەڕوانییەکاندایە بۆ رەزامەندبوونی کۆنگرێس لەسەر پێدانی هاوکاریی سەربازی بۆ هەریەک لە ئۆکرانیا و ئیسرائیل.

نوسینگەی راگەیاندنی زێلێنسکی رایگەیاند، سەرۆکی ئۆکرانیا ئەمڕۆ دوو شەممە دەگاتە واشنتن و چاوی بە بایدن دەکەوێت و نوسینگەکە سەردانەکەی بە گەشتی کار ناوبردووە و ئاماژەی بەوە داوە "کۆمەڵێک کۆبوونەوە و لێکۆڵینەوە لەخۆی دەگرێت".

یاریدەدەرێکی سەرکردایەتی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا رایگەیاندووە، زێلێنسکی بانگهێشتکراوە بۆ ئەوەی رۆژی سێشەممە، 12ی کانوونی یەکەمی 2023، لە کاپیتوڵ وتار بدات بۆ سیناتۆرەکان.

راج شاه، گوتەبێژی مایک جۆنسۆن، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، لە ئیمەیڵێکدا بۆ ئاژانسی رۆیتەرز ئاماژەی بەوە کردووە، کۆبوونەوەی تایبەتی نێوان زێلێنسکی و جۆنسۆن لە بارەگای کۆنگرێس بەڕێوەدەچێت.

بەگوێرەی نوسینگەی زێلێنسکی، یەکێک لەو تەوەرە سەرەکیانەی لە سەردانەکەیدا باسیدەکات، هاوکاری بەرگرییە لە نێوان ئەمریکا و ئۆکرانیا، "بەتایبەت لەرێگەی پڕۆژەی هاوبەش بۆ بەرهەمهێنانی چەک و سیستەمی بەرگری ئاسمانی، ئەمە جگە لە هەماهەنگیکردنی هەوڵەکانی نێوان هەردوو وڵات بۆ ساڵی داهاتوودا”.

ئەم سەردانەی زێلێنسکی لەکاتێدایە، بەگوێرەی رۆژنامەی فاینێنشناڵ تایمز، وڵاتانی رۆژئاوا دوودڵن لە پارەدارکردنی ئۆکرانیا بەگوێرەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا رەتیکردووە پرۆژەیاسای تەرخانکردنی بڕی هاوکاری 60 ملیار دۆلار  بۆ ئۆکرانیا بۆ روبەرووبوونەوەی لەشکرکێشییەکانی رووسیا.

رۆژنامەکە دەڵێت، رەتکردنەوەی ئەو پرۆژەیاسایە پێشبینیکراوە بووە بەهۆی چەند نیشانەیەک لەوانە، کەمبوونەوەی پاڵپشتی لە شەقامەکانی ئەمریکا بۆ دۆسیەی کیێڤ و کەمبوونەوەی هەژموونی دیمۆکراتەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی وڵاتەکە.

ترسی بایدن لە وازلێهێنانی هاوکاری بۆ زێلێنسکی لەوەدایە، لەئەگەری سەرکەوتنی رووسیا لەشکرکێشییەکە بچێتەسەر یەکێک لە وڵاتانی ئەندامی ناتۆ و ئەمریکا راپێچی شەڕەکە بکات.

لە یەکێتی ئەوروپا دابەشبوون لەنێوان وڵاتانی ئەندام هەیە بەگوێرەی هەبوونی پرۆژەیاسایەک بۆ تەرخانکردنی بڕی 50 ملیار یۆرۆ بۆ هاوکاری ئۆکرانیا لەماوەی چوار ساڵی داهاتوودا.