بۆچی دەبێت رووپۆشی مۆبایل خاوێنبکرێتەوە؟

پێویستە شاشەی مۆبایلەکان بە کحول پاکبکرێتەوە. فۆتۆ: iStock
پێویستە شاشەی مۆبایلەکان بە کحول پاکبکرێتەوە. فۆتۆ: iStock

ئامێرە ئەلکترۆنییەکان بەرکەوتنیان لەگەڵ چەندین تەنی پیسدا هەیە و چەندین میکرۆبی زیانبەخش لەسەر رووپۆشەکانیان هەن، هەروەها لەبەرئەوەی ئەم ئامێرانە بەردەوام کاردەکەن و گەرمی دەردەدەن، رووپۆشەکانیان ژینگەیەکی لەبارە بۆ بەکتریا و مشەخۆرەکان، بەردەوام چەندین کۆمەڵە بەکتریا تێیاندا گەشەدەکەن.

بەگوێرەی توێژینەوەیەکی زانکۆی ئاریزۆنا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، رووپۆشی مۆبایلێک 10 هێندەی شوێنی دانیشتنی تەوالێتێکی رۆژئاوایی پیسە. توێژینەوەکان ئەوە دەردەخەن کە هۆشیارییەکی کەم لەبارەی پیسبوونی شاشەی مۆبایلەوە هەیە. کاتێک منداڵان یان تازەلەدایکبووان دەست دەبەن بۆ شاشەی مۆبایلەکانی دایکوباوکیان، یان مۆبایل دەکەن بە دەمیاندا، بەکتریا زیانبەخشەکان دەگوازرێنەوە بۆ جەستەیان.

هەندێک لە رێگە پێشنیازکراوەکان بۆ پاککردنەوەی رووپۆشی مۆبایل و رێگریکردن لە گواستنەوەی میکرۆب بۆ منداڵان:

-خاوێنی: گرنگترین هەنگاو دەستشوشتنە بە شێوازێکی رێکوپێک، پێویستە دایکوباوکان و منداڵانیش، پاش هاتنە دەرەوە لە تەوالێت یان بەکارهێنانی مۆبابایل دەستیانبشۆن. خاوێنکردنەوەی ماوەماوەی مۆبایلەکان بە کحول و ئەو ماددانەی لە خاوێنکردنەوەی پزیشکیدا بەکاردەهێنرێن گرنگن، پسپۆڕان دەڵێن نابێت پاککەرەوەی نێوماڵ لە خاوێنکردنەوەی شاشەی مۆبایلەکاندا بەکاربهێنرێت، چونکە چەندین ژەهری تێدایە و کاریگەر نییە لە پاککردنەوەی شاشەدا.

-سنووردارکردنی بەکارهێنان و دەستاودەستکردنی مۆبایل: پێویستە مۆبایل لە شوێنێکدا دابنرێت کە منداڵان دەستیان پێیناگات، هەروەها واباشترە مۆبایل زۆر دەستاودەست نەکات و تەنها یەک کەس بەکاریانبهێنێت.

-بژاردەی دیکە بخرێتە بەردەم منداڵ: واباشترە منداڵان کەمترین کات مۆبایل بەکاربهێنن، هەربۆیە دایکوباوکان دەبێت هانی منداڵەکانیان بدەن کە برۆنە دەرەوە و یارییبکەن، هەروەها برەودان بە خووە تەندروستەکانی وەکو وەرزشکردن و خواردنی تەندروست، یارمەتیی گەشەی مێشکی و دەروونیی منداڵەکە دەدات.