بایدن: پێویستە نەتەنیاهو گۆڕانکاریی لە حکومەتە توندڕەوەکەیدا بکات
جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، ئیسرائیل گەیشتووەتە قۆناغێک بەرەو لە دەستدانی پشیتوانیی کۆمەکی نێودەوڵەتی دەچێت.
سەرۆکی ئەمریکا لە کاتی بۆنەیەکی کۆکردنەوەی کۆمەک بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی لە واشنتن رایگەیاند، بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە کە بە هەزاران هاوڵاتیی سڤیلی کوشتووە، بووەتەهۆی لە دەستدانی پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ ئەو وڵاتە.
هاوکات سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پێویستە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کابینەی حکومەتە توندڕەوەکەی بگۆڕێت.
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا بایدن جەختیکردەوە، پێویستە حکومەتی ئیسرائیل چارەسەرێکی درێژخایەن بۆ ململانێی ئیسرائیل و فەڵەستینییەکان بدۆزێتەوە، چونکە سەلامەتیی گەلی جوو لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی چارەنووسسازدایە.
ئەو گوتانەی سەرۆکی ئەمریکا لە کاتێکدایە، رۆژی دووشەممەی رابردوو رایگەیاند، لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ناکۆکییان هەیە و نەتەنیاهو لە هەڵوێستێکی قورسدایە.
لەوەتەی شەڕی غەززە بەرپابووە، بەهۆی هەڵوێست و پشتیوانییە سیاسی و سەربازییەکانی لە ئیسرائیل و شەڕەکە، ئیدارەی جۆ بایدن رووبەڕووی رەخنە و گلەییەکی زۆر بووەتەوە.
13/12/2023