ئەگەر هاوسەرەکەت بەرزەفشاری خوێنی هەبوو، لەوانەیە تۆش هەتبێت
تاوەکو ئێستا، پزیشکان تەنیا لە کاتی بوونی هەندێک نەخۆشیی گوازراوە، یان نەخۆشییە بە-سێکس گوازراوەکان داوایان لە چارەخوازان دەکرد هاوسەرەکانیشیان ئاگاداربکەنەوە بۆ ئەنجامدانی پشکنین، بەڵام دەکرێت لە داهاتوودا بوونی بەرزەفشاری خوێن ببێتە هۆکارێک بۆئەوەی داوا لە هاوسەری کەسی توشبوو بکرێت بچێت پشکنین بکات.
توێژینەوەیەکی نوێ، ئاماژە بەوە دەکات دەکرێت هاوسەران هەردووکیان توشی بەرزەفشاری خوێن ببن. توێژینەوەکە لەسەر کەسانی تەمەن-مامناوەند و بەتەمەن ئەنجامدراوە لە هەر چوار وڵاتی ئینگلتەرا، چین، هیندستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. بەکۆی گشتی، نزیکەی 35 هەزار کەس بەشدارییان لە توێژینەوەکەدا کردووە. لەناو هەر 10 هاوسەرێکدا، چوار هاوسەر بەیەکەوە بەرزەفشاری خوێنیان هەبووە.
هەر لەو توێژینەوەیەدا دەرکەوتووە لەنێو ئەو چوار وڵاتەی توێژینەوەکەیان لێ ئەنجامدراوە، رێژەی بوونی بەرزەفشاری خوێن لە یەک کاتدا، لە وڵاتی چین و هندستان زیاتر بووە بەراورد بە وڵاتانی ئەمریکا و ئینگلتەرا. توێژەران ئەمە بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە لەم دوو وڵاتەدا، خێزانەکان ئاسان یەکدی بەجێناهێڵن و لە کاتی بوونی کێشەکاندا بەیەکەوە دەمێننەوە، ئەمەش وادەکات ئەگەری توشبوونی هەردوو هاوسەرەکە بە بەرزەفشاری خوێن زیاتر بێت.
بێگومان لەنێو کولتووری کوردیشدا هەمان دیاردە دەبینرێت، بەجۆرێک خێزانەکان زیاتر بەیەکەوە دەمێننەوە، هەروەها زیاتر پشت بەیەک دەبەستن لە کاتی بوونی کێشە و گیروگرفتەکاندا، بۆیە دەکرێت هەمان مەترسی لەسەر خێزانە کوردەکانیش هەبێت.
13/12/2023