یونیسێف داوای كۆكردنەوەی زیاتر لە 9 ملیار دۆلار بۆ منداڵان دەكات

یونیسێف داوای كۆكردنەوەی زیاتر لە 9 ملیار دۆلار بۆ منداڵانی جیهان دەكات. فۆتۆ: AP
یونیسێف داوای كۆكردنەوەی زیاتر لە 9 ملیار دۆلار بۆ منداڵانی جیهان دەكات. فۆتۆ: AP

رێكخراوی یونیسێف، داوای كۆكردنەوەی زیاتر لە 9 ملیار دۆلار دەكات، بۆ هاوكارییكردنی زیاتر لە 93 ملیۆن منداڵ لە جیهاندا، بۆ ئەو مەبەستەش بانگەوازێكی كردووە.

كاسرین راسڵ، سەرۆكی رێكخراوەكە، لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكرد، بانگەواز دەکات بۆ کۆکردنەوەی 9 ملیار و 300 ملیۆن دۆلار، بۆ هاوکاری 93 ملیۆن و 700 هەزار منداڵ، بۆ ساڵی 2024 لە 155 وڵاتی جیهاندا.

روونیشیكردووەتەوە، ئەم پارانە بە شێوەیەکی سەرەکی ئامانجیان یارمەتیدانی، ئەفغانستان بەنزیکەی یەك ملیار و 500 ملیۆن دۆلار، پەنابەرانی سووریا، سودان و کۆماری کۆنگۆی دیموکراتییە، جگە لە ئۆکرانیا و پەنابەرانی ئۆکرانی.

ئەوەشخراوەتەڕوو، لەرێگەی ئەم بڕە پارەیەوە، یونیسێف ئامانجی کوتانی 17 ملیۆن و 300 هەزار منداڵە لە دژی نەخۆشی سورێژە، هەروەها چارەسەرکردنی 7 ملیۆن و 600 هەزار منداڵە، کە بەدەست بەدخۆراکی توندەوە دەناڵێنن.

سەرۆكی رێكخراوی یونیسێف راشیگەیاند، بەشێكی دیكەی پارەكە بۆ دابینکردنی پەروەردە بۆ 19 ملیۆن و 300 هەزار منداڵ، ئاوی خواردنەوە بۆ 52 ملیۆن و 400 هەزار منداڵ، تەنانەت دابینکردنی پاڵپشتی دەروونی بۆ 26 ملیۆن و 700 هەزار منداڵ و هەرزەکار، خەرجدەكرێت.

گوتیشی: "هێشتا ملیۆنان منداڵ بەدەست قەیرانی مرۆییەوە دەناڵێنن و بەردەوام قەیرانەکان ئاڵۆزترو فراوانتر دەبن، ئەمەش دەبێتەهۆی کەمبوونەوەی سەرچاوەکانمان، لەکاتێکدا هەموو هەوڵی ئەو کەسانەی لەبواری مرۆییدا کاردەکەن، بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانە لەسەرانسەری جیهاندا".

راسڵ ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، دەبێت منداڵان بەبەردەوامی بتوانن بگەن بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، لەسەرجەم بوارەکانی تەندروستی، ئاوی پاک، پاکوخاوێنی و خوێندن.