هەموو ئەوەی پێویستە دەربارەی ئەیدز بیزانیت

ئەیدز نەخۆشییەکە کاردەکاتە سەر کۆئەندامی بەرگریی مرۆڤ، کاتێک دروستدەبێت کە ڤایرۆسی ئێچ. ئای. ڤی (HIV) دەچێتە ناو لەشی کەسێکەوە و زیانی زۆری پێدەگەیەنێت، واتە تەنیا بوونی ڤایرۆسەکە لەناو جەستەدا نابێتەهۆی توشبوون بە نەخۆشیی ئەیدز.

ئەم ڤایرۆسە کاتێک دەچێتە جەستەوە، هێرش دەکاتە سەر جۆرێک لە خانەکانی بەرگری، بەتێپەڕبوونی کات و تێکشکاندنی ژمارەیەکی زۆر لەو خانانە، بەرگریی جەستەی کەسەکە بەتەواوی لاوازدەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆکاری ئەوەی بەکتریا هەلپەرستەکان توشی کەسەکە ببن و نەخۆشی بخەن، ئەو قۆناغەی کە بەهۆی لاوازبوونی بەرگریی کەسەکەوە بەکتریا هەلپەرستەکان کەسەکە نەخۆش دەخەن، پێی دەگووترێت نەخۆشیی ئەیدز.
ڤایرۆسی (HIV) لەرێگەی خوێن، شیری دایک، تۆ و دەردراوەکانی دیکەی جەستەوە دەگوازرێتەوە، بەڵام ئاو، هەوا و بەرکەوتنی راستەوخۆ لەنێوان دوو کەسدا نابنەهۆی گواستنەوە.
ڤایرۆسەکە دەچێتە ناو ناوکی خانەکانەوە، لەوێدا خۆی دەکاتە بەشێک لە DNA ئەو خانەیە، بۆیە بنبڕکردنی ئاسان نییە و تاوەکو ئێستا هیچ چارەسەرێکی یەکجاری نییە بۆ نەخۆشیی ئەیدز.

نیشانەکانی توشبوون بە (HIV) چین؟

لە چەند هەفتەی سەرەتای توشبوون بە ڤایرۆسی (HIV)، کەسەکە لەوانەیە چەند نیشانەیەکی سەرەتایی هەبێت، وەکو:

  • تا
  • لەرزین
  • ئاوسانی لیمفەگرێکان
  • گیانئێشە
  • پەڵەی پێست
  • قورگئێشە
  • سەرئێشە
  • دڵتێکەڵهاتن

لەبەرئەوەی نیشانەکانی ئەم قۆناغە لە نیشانەکانی هەڵامەت و ئەنفلۆنزا دەچن، بەشێک لە خەڵکی لە کاتی بوونی ئەم نیشانانەدا لەوانەیە سەردانی پزیشک نەکەن، هەروەها پارێز نەکەن لە رێگەکانی گواستنەوەی نەخۆشییەکە، بەڵام گرفتەکە ئەوەیە لەم قۆناغەدا بڕێکی ئێجگار زۆر لە ڤایرۆسەکە لەناو جەستەی کەسەدا هەیە، ئەمەش وادەکات ئەگەری گواستنەوەی زۆربێت.
دوای مانگی یەکەم، ڤایرۆسەکە دەچێتە قۆناغی سڕبوونەوە. ئەم قۆناغە دەکرێت بۆ چەندین ساڵ بەردەوامبێت و کەسەکە نیشانەی نەبێت. ئەگەر نیشانەشی هەبێت، ناتایبەتمەندن و نەخۆشییەکە لەرێگەی ئەم نیشانانەوە ناناسرێتەوە:

  • سەرئێشە
  • ئاوسانی لیمفەگرێکان
  • تالێهاتن
  • ئارەقەکردنەوە لە شەواندا
  • دڵتێکەڵهاتن و رشانەوە
  • شەکەتی
  • سکچوون
  • لەدەستدانی کێش
  • پەڵەی پێست
  • هەوکردنی سییەکان

نیشانەکانی نەخۆشیی ئەیدز چین؟

دوای ئەوەی ڤایرۆسەکە چووە ناو جەستەوە، ئەگەر بێتوو پێی نەزانرێت و چارەسەری پێویست وەرنەگیرێت، دەکرێت دوای چەندین ساڵ زیانێکی زۆر بە کۆئەندامی بەرگری بگەیەنێت و سەربکێشێت بۆ نەخۆشیی ئەیدز، بەڵام ئەگەر بێتوو چارەسەری پێویست وەربگیرێت، دەکرێت رێگری لە توشبوون بە نەخۆشییەکە بکرێت، مەگەر ڤایرۆسەکە بەجۆرێک بێت کە بەرگری هەبێت دژی دەرمان.

ئەگەر هاتوو گرفتەکە پەرەیسەند و بوو بە نەخۆشیی ئەیدز، دەکرێت ئەم نیشانانە هەبن:

  • تای بەردەوام و دووبارە
  • هەستکردن بە بوونی گرێ لە ژێرباڵ و ملدا
  • شەکەتییەکی بەردەوام
  • ئارەقەکردنەوەی شەوانە
  • پەڵەی بچووک و رەش لەژێر پێست، یان ناو دەم و لووت
  • سکچوونی بەردەوام یان ماوەماوە
  • خێرا لەدەستدانی کێش
  • لاوازبوونی توانای سەرنجدان و یادگە
  • دڵەڕاوکێ و خەمۆکی

ڤایرۆسەکە چۆن دەگوازرێتەوە؟

بەپێچەوانەی تێگەیشتنی خەڵکییەوە، گواستنەوەی ڤایرۆسی (HIV) تەنیا لەڕێگەی سێکسەوە نییە، بەڵکو چەندین رێگەی جۆراوجۆر هەن بۆ گواستنەوەی ڤایرۆسەکە:

  • سێکسی زێ یان کۆم
  • دەرزیی بەکارهاتوو بۆ کەسێکی توشبوو
  • دەرزیی تاتۆی بەکارهاتوو بۆ کەسێکی توشبوو
  • لە دایکی دووگیانەوە بۆ کۆرپەلە
  • لە کاتی شیردان بە منداڵ
  • جوینی خواردن بەر لە پێدانی بە منداڵ
  • گواستنەوەی خوێن بەبێ ئەنجامدانی پشكنینی پێویست

ئەم رێگەیانە نابنەهۆی گواستنەوەی نەخۆشییەکە:

  • بەرکەوتن لەگەڵ پێستی کەسی توشبوو
  • باوەش، ماچ و تەوقەکردن
  • هەوا و ئاو
  • بەیەکەوە خواردن و خواردنەوە
  • لیک، فرمێسک و ئارەق
  • بەکارهێنانی تەوالێتێک کە کەسی توشبوو بەکاریهێناوە
  • پێوەدانی مێش و مەگەز

(HIV) چۆن هاتە ناو مرۆڤەوە؟

ڤایرۆسەکە جۆرێکە لە ڤایرۆسێک کە توشی شامپانزی ئەفریقی دەبێت، ناوی (SIV)یە. زاناکان پێیان وایە لە سەرەتادا، بەهۆی خواردنی گۆشتی شامپانزییەوە، ئەو ڤایرۆسە دوچاری مرۆڤ بووە. دوای ئەوەی هاتووەتە ناو جەستەی مرۆڤ، بازدانی کردووە و بووە بەو ڤایرۆسەی کە ئێستا پێی دەگووترێت (HIV).

لە سەرەتادا ڤایرۆسەکە تەنیا لە کیشوەری ئەفریقادا بڵاوبوو، بەڵام دواتر بەرەبەرە گوازرایەوە بۆ ناوچەکانی دیکەی جیهان.

نەخۆشییەکە چارەسەری هەیە؟

تاوەکو ئێستا چارەسەری یەکجاری نییە بۆ نەخۆشیی ئەیدز، بەڵام کۆمەڵێک دەرمان هەن کە دەکرێت رێگری لە نەخۆشییەکە بکەن، لە کاتی توشبوونیشدا یارمەتیی کەسەکە بدەن کە نەخۆشییەکەی زیاتر بەرەوپێش نەچێت. ئەو دەرمانانە، وا دەکەن ڤایرۆسەکە نەتوانێت زیاد بکات لەناو خانەکاندا، بۆیە کاتێک کەسەکە دەرمانەکان دەخوات و دواتر پشکنین دەکات، لە پشکنینەکاندا وا دەردەکەوێت کە ڤایرۆسەکە بوونی نەماوە لەناو جەستەدا، بەڵام ئەگەر بێتوو دەرمانەکان رابگیرێت، ئەوا دووبارە ڤایرۆسەکە زیاددەکاتەوە و کەسەکە دووچاری چەندین گرفتی جۆراوجۆر دەبێت.
بەپێچەوانەی تێگەیشتنی هەندێک کەسەوە کە پێیان وایە ئەوانەی توشی ئەیدز دەبن دەبێتە رۆژانە نزیکەی پەنجا حەب بخۆن، دەرمانەکانی ئەیدز بەجۆرێک دروستکراون کە پێویستدەکات رۆژانە تەنیا یەک یان دوو حەب بخورێت.

چۆن رێگری لە ئەیدز بکرێت؟

هەرچەند ئێستا ژمارەیەکی زۆر توێژەر لە جیهاندا لە هەوڵی پەرەپێدانی ڤاکسینێکن بۆ رێگریکردن لە توشبوون بە نەخۆشییەکە، بەڵام تاوەکو ئێستا سەرکەوتوو نەبوون. بەڵام کۆمەڵێک رێگە هەن کە دەتوانن رێگریبکەن و مەترسیی توشبوون کەمبکەنەوە:

  • سێکسی تەندروست:

- دوورکەوتنەوە لە ئەنجامدانی سێکس لەگەڵ چەند هاوبەشێکی جیاواز

- بەکارهێنانی کۆندۆم لە کاتی ئەنجامدانی سێکسدا

- بەر لە ئەنجامدانی سێکس، کەسی توشبوو چارەسەر وەربگرێت

  • بەکارنەهێنانی دەرزییەک کە بۆ کەسێکی دیکە بەکارهێنراوە
  • ئەگەر زانرا سێکس لەگەڵ کەسی توشبوو کراوە، یان دەرزییەک بەکارهێنراوە کە هی کەسی توشبووە، دەستبەجێ دەرمانی پێویست وەربگیرێت، دەبێت لە ماوەی 36 بۆ 72 کاتژمێر دوای بەرکەوتنەکە، دەرمانی پێویست وەربگیرێت.

ئەو کەسانەی توشی (HIV) دەبن چەند دەژین؟

ئەگەر لە ساڵی 1990، کەسێکی 20 ساڵان توشی نەخۆشیی ئەیدز بووایە، چاوەڕێدەکرا تەنیا 19 ساڵی دیکە بژی، بەڵام ئەگەر ئێستا کەسێکی 20 ساڵان توشی نەخۆشییەکە ببێت، چاوەڕێدەکرێ لانیکەم 53 ساڵی دیکە بژی بەرلەوەی بەهۆی نەخۆشییەکەوە گیانلەدەستبدات. ئەم پێشکەوتنە بەرچاوە بەهۆی کاریگەریی گەورەی دەرمانەکانەوەیە، چونکە ئەگەر ئێستاش کەسێک توشی نەخۆشیی AIDS ببێت و دەرمان وەرنەگرێت، پێشبینی ئەوەی لێدەکرێت تەنیا 3 ساڵ بژیت لەدوای دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە.