فەڕەنساش داوای ئاگربەستی دەستبەجێ لە کەرتی غەززە دەکات
وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، داوای دەستبەجێ راگەیاندنی ئاگربەست لە كەرتی غەززە دەكات و رایگەیاند، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ ئاگربەستێكی بەردەوام.
کاترین کۆلۆنا، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا لە سەردانەکەیدا بۆ تەلئەڤیڤ، لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ هاوتا ئیسرائیلییەکەی، ئێلی کۆهین، نیگەرانیی قووڵی وڵاتەکەی لە دۆخی کەرتی غەززە دەربڕی و داوای ئاگربەستێکی نوێ و دەستبەجێ و بەردەوامی کرد لە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا.
گوتیشی: "هاتوومەتە ئێرە بۆ ئەوەی گرنگیی ئاگربەستێکی نوێی مرۆیی دووپاتبکەمەوە، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ ئاگربەستێکی بەردەوام، ئاگربەستێک بتوانین تیایدا کاربکەین بۆ وەستاندنی جەنگ و هەنگاونان بەرەو ئاگربەستێکی مرۆیی".
ئەمەش دوای ئەوەدێت، ئەمڕۆ یەکشەممە، 17ـی کانوونی یەکەمی 2023، دەیڤید کامیرۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا و ئانالینا بێربوک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لەوتارێکی هاوبەشدا کە رۆژنامەی سەندەی تایمز بڵاویانکردووەتەوە، داوایان لە ئیسرائیل کردووە، بۆ هەمیشە کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی دژی حەماس بهێنێت لەناو کەرتی غەززەدا.
لە وتارەكەدا نووسیوویشیانە، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی سڤیل کوژراون، پێویستە هەموو کارێک بکەن تاوەکو جەنگ بۆ هەمیشە کۆتاییبێت.
دوای ئەوەی لە 7ی ئۆكتۆبەر، بزوتنەوەی حەماس هێرشیكردە سەر بەشە ئیسرائیلییەكەی كەرتی غەززە و زیاتر لە هەزار كەس كوژران و زیاتر لە 200ی دیكە بەدیلگیران و برانە كەرتی غەززە، ئیسرائیل هێرشە زەمینی و ئاسمانییەكانی بۆ سەر كەرتەكە دەستپێكرد.
بەگوێرەی كۆتا ئامارەكان، تاوەكو ئێستا زیاتر لە 18 هەزار و 800 فەڵەستینی كوژراون و زیاتر لە 50 هەزار كەسی دیكەش بریندارن، كە زۆرینەیان ژن و منداڵان، هەروەها بەشێكی زۆری كەرتەكە وێرانكراوە.
17/12/2023