کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق: کاتی هەڵبژاردن درێژناکرێتەوە

بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان لە کەرکووک. فۆتۆ:کەناڵ8
بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان لە کەرکووک. فۆتۆ:کەناڵ8

کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، کاتی هەڵبژاردنەکان درێژناکرێتەوە و سەرجەم ئامێرە ئەلکترۆنییەکانی هەڵبژاردن کاتژمێر شەشی ئێوارە دادەخرێن.

ئەمڕۆ دووشەممە، 18ی کانوونی یەکەمی 2023 عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، پرۆسەی دەنگدان تاوەکو ئێستا بەشێوەیەکی رێک بەرێوەچووە، بڕیاریشە لەکاتی خۆیدا پرۆسەکە کۆتایی پێبێت.

هەر بەگوێرەی ئەو بەرپرسەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، 495 هەزار چاودێر لە بنکەکانی دەنگدان هەیە و پرۆسەکە بەبێ هەڵە بەڕێوەدەچێت.

سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق گوتیشی: "سەرجەم بنکەکانی دەنگدان ئەمڕۆ بە رووی دەنگدەران کراونەتەوە، بۆیە پێویستە پێش تەواوبوونی کاتی هەڵبژاردنەکان کە کاتژمێر شەشى ئێوارەیە، هاوڵاتییان دەنگی خۆیان بدەن".

ئەمڕۆ پاش 10 ساڵ، پرۆسەی دەنگدان لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق جگە لە هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی وڵاتەکە بەرێوەدەچێت.