محەمەد حەلبووسی: پێشبینیی سەرکەوتنێکی گەورە دەکەم

دەنگدانی محەمەد حەلبووسی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگانی عێراق. فۆتۆ: پەڕەی فەرمیی حەلبووسی لە فەیسبووک
دەنگدانی محەمەد حەلبووسی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگانی عێراق. فۆتۆ: پەڕەی فەرمیی حەلبووسی لە فەیسبووک

محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی پارتی تەقەدووم رایگەیاند، پێشبینی دەکەم پارتی تەقەدووم سەرکەوتنێکی گەورە لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەدەستبھێنێت.

محەمەد حەلبووسی پاش دەنگدانی لە یەکێک لە بنکەکانی پارێزگای ئەنبار، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "پێشبینی دەکەم وەک پارتی تەقەدووم سەرکەوتنێکی گەورە لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەدەستبھێنین".

حەلبووسی وتیشی، پێشبینی دەکەم ژمارەیەکی زۆر لە دەنگدەران، بەشداریی لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا بکەن، گرنگە دەنگدەران بە دیموکراسییانە بەشداری لە پرۆسەکەدا بکەن.

پارتی تەقەدووم بە گەورەترین پێکھاتەی سوننە لە عێراق دادەنرێت و لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا بەشدارە، بەڵام سەرۆکی پارتەکە، محەمەد حەلبووسی بە بڕیاری دادگای باڵای فیدرالی لە ئەنجوومەنی نوێنەران دوور خرایەوە و رۆژی ١٤ی مانگی تشرینی دووەم، ئەندامێتیی محەمەد حەلبووسی لە ئەنجوومەنی نوێنەران ھەڵوەشاندەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، دەنگدانی گشتی بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق جگە لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و پرۆسەکە تاوەکو کاتژمێر شەشی ئێوارە بەردەوامدەبێت.