مەندەلاوی: داوا لە هاوڵاتییان دەکەم دەنگ بۆ هەڵبژاردنی کەسی شیاو بدەن
سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەوەکالەت، داوا لە هاوڵاتییان دەکات لەپێناو هەڵبژاردنی کەسی شیاو بۆ خزمەتکردنی پارێزگاکان، بچنەسەر سندووقەکانی دەنگدان.
موحسن مەندەلاوی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەوەکالەت، پاش دەنگدان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان گوتى، ئەمڕۆ رۆژێکە هاوڵاتییان پابەندبوونێکی یاسایی وشەرعییان لەسەرە، پێویستە بچنەسەر سندووقەکانی دەنگدان.
گوتیشی، هەڵبژاردنەکە دەبێت بە ئامانجی هەڵبژاردنی شیاوترین کەسەکان بێت بۆ خزمەتکردنی سەرجەم پارێزگاکان.
مەندەلاوی سوپاسی هێزە ئەمنییەکانیشی کرد بۆ ئامادەباشی و رێکخستنەكانیان بۆ هەڵبژاردنەکان، هاوکات سوپاسی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و سەرجەم دەستە و دامەزراوە میدیاییەکانی كرد کە رووماڵی هەڵبژاردنەکانیان کرد.
ئەمڕۆ دووشەممە 18ی كانوونی یەكەمی 2023، لە سەرتاسەری عێراق، جگە لە هەرێمی كوردستان، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق بەڕێوەچوو، تاوەكو نیوەڕۆ رێژەی بەشدارییكردنی گشتی 17% بووە، پێشبینییەكان بۆ ئەوەن لەدوای نیوەڕۆوە رێژەكە بەشێوەیەكی بەرچاو زیابكات.
بەگوێرەی رێنماییەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، كاتژمێر 6:00ی ئێوارە بنكەكانی دەنگدان دادەخرێن، پاشان دەست بە جیاكردنەوەی دەنگەكان بەشێوەی ئەلیكترۆنی دەكرێت و ئەنجامەكان دەنێردرێنە بنكە سەرەكییەكانی كۆمسیۆن لە پارێزگاكان، دواتریش لەو بنكانە دەنگەكان بەدەست جیادەكرێنەوە.
ماوەی 10 ساڵە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق ئەنجامنەدراوە و چەند جارێك دواخرا، بەڵام دوای دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكانی تشرین لە بەغداد و چەند پارێزگایەكی دیكەی عێراق، بەهۆی فشاری خۆپیشاندەران، حكومەتی عێراق بەڵێنی ئەنجامدانی ئەو هەڵبژاردنەیدا.
18/12/2023