کۆمیسیۆن: ئەنجامی ژماردنی دەستیی دەنگەکان هاوتای ئەنجامە ئەلکترۆنییەکانە
رۆژی سێشەممە 19ی کانوونی یەکەم، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی ژماردنی دەستیی بڵاوکردەوە و دەڵێت "هاوشێوەی ئەنجامە ئەلکترۆنییەکانە".
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رایگەیاند "کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان پەنجەمۆر و فۆرمی بەشداریکردن لە دەنگدان لەسەرجەم ئۆفیسەکان وەردەگرێت".
گوتیشی : "35 هەزار وێستگەیان بەشێوەی دەستی هەژمار کردووە کە ئەنجامەکانیان هاوشێوەی ئەنجامە ئەلکترۆنییەکان بوون".
روونیشیكردەوە، دوای هاوتاکردنی سەرجەم ئەنجامە دەستی و ئەلکترۆنییەکان، "ئێوارەی ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کاتژمێر پێنج ئەنجامە بەراییەكان رادەگەیەنین".
رۆژی دووشەممە، 18ی كانوونی یەكەمی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق لە 15 پارێزگا، جگە لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو، دوای كۆتاییهاتنی پرۆسەی دەنگدان، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، پرۆسەكەی بە سەركەوتوو لەقەڵەمدا.
بەگوێرەی ئامارەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان، بەرزترین رێژەی بەشدارییكردن لە دەنگدانی گشتی لە پارێزگای كەركووك بووە و گەیشتووەتە 65%، كەمترینیش لە بەغدادی پایتەخت بووە و تەنها 19%ی دەنگدەران بەشدارییان كردووە.
19/12/2023