یونیسێف: غەززە مەترسیدارترین شوێنی جیهانە بۆ منداڵان

غەززە مەترسیدارترین شوێنی جیهانە بۆ منداڵان. فۆتۆ: AP
غەززە مەترسیدارترین شوێنی جیهانە بۆ منداڵان. فۆتۆ: AP

رێکخراوی منداڵانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان – یونیسێف رایگەیاند، کەرتی غەززە مەترسیدارترین شوێنە بۆ منداڵان لە جیهاندا.

جەیمس ئەڵدر، گوتەبێژی رێکخراوی یونیسێف، لەپاش گەڕانەوەی لە فەڵەستین توڕەیی خۆی لە کەمتەرخەمی بەرامبەر ئەو کەسانە دەربڕی، کە بەرپرسیارن لەو دۆخەی منداڵان پیایدا تێدەپەڕن و دەناڵێنن بەدەستییەوە.

گوتیشی: "نیگەرانم لەوەی هێشتا منداڵانێک هەن لە جیهاندا دەترسن و خۆیان دەشارنەوە، دڵنیاشم لە رۆژانی داهاتوودا زیانیان پێدەگات".

گوتەبێژی یونیسێف، نیگەرانی و توڕەیی خۆشی پیشاندا، بەهۆی ئەوەی هیچی لەدەست نایەت بیکات، بۆ هاوكارییكردنی منداڵانی غەززە.

ئەڵدر، ئاماژەی بەهێرشی بەردەوامی ئیسرائیلیش بۆ سەر غەززە کرد و رایگەیاند، لەماوەی 48 کاتژمێری رابردوودا، نەخۆشخانەی ناسر لە خان یونس، کە تاکە نەخۆشخانەیە لە خزمەتدایە، دووجار هێرشکراوەتە سەری، بەشێکی زۆر لە ژن و منداڵ لەو نەخۆشخانەیەدان، کە وەک پەناگە لەوێدا ماون.

بەگوێرەی کۆتا ئامارە راگەیەندراوەکان، لەلایەن وەزارەتی تەندروستی حەماسەوە، لە هێرشەکاندا بۆسەر کەرتی غەززە، 19 هەزار و 667 کەس کوژراون و 70%ی قوربانییەكان ژن و منداڵن.

دوای هێرشەكانی بزوتنەوەی حەماس، لە 7ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ، هێرشە زەمینی و ئاسمانییەكانی ئیسرائیل بۆ سەر كەرتی غەززە دەستیانپێكرد و بەشێكی زۆری ئەو كەرتە وێرانبووە.

سەرەڕای ئەوەی نەتەوەیەكگرتووەكان بڕیاری ئاگربەستی دەستبەجێی پەسەندكرد، وڵاتەكانی فەرەنساڵ، ئەڵمانیا و بەریتانیاش داوای ئاگربەستی دەستبەجێ دەكەن، تاوەكو ئیستا ئیسرائیل سەرجەم داواكارییەكانی پشتگوێ خستووە.