لە عێراق یەکەم نەشتەرگەری چاندنی دڵی دەستکرد بەسەرکەوتوویى ئەنجامدرا

بۆ یەكەمجار، چاندنی دڵی دەستكرد لە عێراق ئەنجامدرا.
فۆتۆ: AP
بۆ یەكەمجار، چاندنی دڵی دەستكرد لە عێراق ئەنجامدرا. فۆتۆ: AP

وەزارەتی تەندروستی عێراق، چاندنی دڵی دەستکردی بە شێوەیەکی سەرکەوتوو لە نەخۆشخانەی دڵ لە ناسریە، راگەیاند.

وەزارەتى تەندروستى عێراق بڵاویكردەوە، نەشتەرگەریی چاندنی دڵی دەستكرد، بۆ نەخۆشێکی تەمەن 60 ساڵ، لەلایەن تیمێکی هاوبەشى پزیشکی پسپۆڕی ئەڵمانی لە زانکۆی هانۆڤەر و تیمێکى عێراقییەوە لە نەخۆشخانەی دڵ لە ناسریە ئەنجامدرا.

ئەم نەشتەرگەرییە بۆ یەکەمجارە لە عێراق دەکرێت، وەزارەتەکە نەشتەرگەرییەکەى بە ئاڵۆز و دەگمەن و سەرکەوتنێکی گەورە لە بواری پزیشکییدا، بۆ عێراق ناوبردووە.

بەگوێرەى زانیارییەكانی وەزارەتى تەندروستى عێراق، تیمە ئەڵمانییەکە دواى سەردانێکی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەڵمانیا، لە 16 شوباتی 2023 و سەردانەکەی ساڵح حەسناوی، وەزیری تەندروستی عێراق، لە مانگی رابردوودا هاتوونەتە عێراق.

گۆڕین یاخود چاندنی ئەندامەكانی جەستەى مرۆڤ، رێگەیەكە بۆ رزگاركردنی بەشێك لەو مرۆڤانەی ئەندامێکى جەستەیان لەکار دەکەوێت، بەهۆی نەخۆشی یاخود رووداوەوە بێت.