داوا لە جۆ بایدن دەکرێت چاودێریی وردی گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ غەززە بکات
ئەندامانی حیزبی دیموکراتەکان لە کۆنگرێسی ئەمریكا، داوا جۆ بایدن سەرۆكی ئەو وڵاتە دەکەن، چاودێریی هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل بکات، هاوکات نیگەرانی خۆیان لەبارەی ئەو زانیارییانەوە دەربڕی کە سەبارەت بە چۆنیەتی گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ غەززە پێیاندراوە.
رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە، دیموکراتەكانی كۆنگرێسی ئەمریكا داوای چاودێریی زیاتری کۆنگرێسیان کردووە سەبارەت بە پشتیوانییەکانی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل لە شەڕەکەی لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس، هاوکات داوایان لە بایدن کردووە، مەرج بسەپێنێت بەسەر هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل.
لە داواكارییەكاندا هاتووە، فشار بخرێتە سەر ئیسرائیل بۆ گۆڕینی رێڕەوی خۆی و ئەنجامدانی ئاگربەست، هەروەها هامەهەنگیکردنی بە بەپەلەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ گەیاندنی هاوكاریی و پاراستنی گیانی هاوڵاتیانی سڤیل لە غەززە و بۆردوماننەكردنی ناوچەكانی نیشتەجێبوونی هاوڵاتیان.
بەگوێرەی رۆژنامەکە، لە دوای دەستپێکی شەڕی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس، بایدن چەندینجار رووبەڕووی فشاری دیموکراتەکان بووەتەوە، لەبەرئەوەی ئیدارەکەی بەتوندی پاڵپشتی ئیسرائیل دەکات.
21/12/2023