کێن ئەو کەسانەی تووشی ئەسپێی قژ دەبن؟

رشک و ئەسپێ لە تەمەنی منداڵیدا زۆرترە. فۆتۆ: gettyimages
رشک و ئەسپێ لە تەمەنی منداڵیدا زۆرترە. فۆتۆ: gettyimages

ئەسپێی قژ مێروویەکی بچووکە کە بە خوێنی پێستی سەر دەژی، زۆرجار منداڵان تووشی گرفتەکە دەبن. ئەسپێکان رەنگیان رەساسییە و هێندەی تۆوی شلکێک دەبن. ئەسپێ سێ قۆناغی ژیانی هەیە، قۆناغی یەکەم هێلکەیە، قۆناغی دووەم رشکە و قۆناغی کۆتایی ئەسپێیەکی تەواوە. ئەسپێی قژ ناتوانێت بفڕێت و بازبدات، هەربۆیە بۆ ئەوەی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە بگوازرێتەوە، پێویستی بە بەرکەوتنی راستەوخۆ هەیە، ئەمەش زۆجار لەنێو خێزانێکدا یان ئەو منداڵانەی لە خوێندنگە زۆر لەیەکەوە نزیکن روودەدات. جیا لە بەرکەوتنی راستەوخۆ، رەنگە هەندێکجار لەرێگەی کەرەستە کەسییەکانەوە بگوازرێتەوە، وەکو: کڵاو، ملپێچ، شانە، بیستۆک، خاولی و پشتی. ئەسپێی قژ لەرێگەی ئاژەڵەماڵییەکانەوە ناگوازرێتەوە.

ئەگەر کەسێک ئەسپێی قژی هەبوو، مانای ئەوە نییە پاکوخاوێنی جەستە و قژی راناگرێت، هەروەها ئەسپێ نابێتە هۆی هەوکردنە ڤایرۆسی و بەکتریاییەکان.

نیشانەکانی ئەسپێی قژ؟

  • خوران: باوترین نیشانەی ئەو کەسانەیە کە گرفتەکەیان هەیە، بەشێوەیەکی گشتی لە پێستی سەر، مل و گوێدا روودەدات. خورانەکە بەهۆی هەستیاریی پێستەوە بۆ ئەسپێکان روودەدات.
  • دەرکەوتنی ئەسپێ لە پێستی سەردا: هەرچەندە ئەسپێکان زۆر بچووکن و حەزدەکەن لە تاریکیدا بن، بەڵام دەکرێت هەندێجار بە قژەوە دەربکەون.
  • دروستبوونی برین: هەندێکجار کەسەکە هێندە پێستی سەر و ملی دەخورێنێت، برین لە پێستیدا دروستدەبێت و دەکرێت تووشی هەوکردنی بەکتریایی ببێت.

ئەسپێی قژ چۆن دەستنیشاندەکرێت؟

بەپێی رێنماییەکانی ئەکادیمیای پزیشکانی منداڵان لە ئەمریکا، باشترین رێگەی دەستنیشانکردنی ئەسپێ، دۆزینەوەی ئەسپێی زیندووە لە قژدا، ئەمەش بە پشکنینی قژ دەکرێت لە کاتی تەڕیدا. دەکرێت بۆ ئاسانتر دۆزینەوەی ئەسپێکان، شانەیەکی تایبەت بە جیاکردنەوەیان بەکاربهێنرێت.

ئەسپێی قژ چۆن چارەسەردەکرێت؟

پزیشکی پسپۆڕی پێست، دەرمانێک بۆ چارەخوازەکە دەنووسێت کە رشک و ئەسپێ دەکوژێت، بەڵام دەرمانەکان هێلکەی ئەسپێکان ناکوژن، بۆیە وا پێویست دەکات، هەفتەیەک دوای وەرگرتنی چارەسەر، دووبارە چارەسەر وەربگیرێتەوە و ئەو رشک و ئەسپێیانەی تازە دروستبوون لەناوببرێن.

چۆن رێگریی لە ئەسپێی قژ بکرێت؟

رێگریکردن لە ئەسپێی قژ لە منداڵاندا تا رادەیەک کارێکی قورسە، ئەمەش لەبەرئەوەی منداڵان لە خوێندگە و دایەنگەکاندا زۆر سەردەکەن بەنێو یەکدا و بەرکەوتنیان لەگەڵ یەکدا زۆرە. بەگشتی رێنماییکردنی منداڵان بۆ ئەوەی ئەم رێگەیانە بگرنەبەر، وادەکات مەترسیی گواستنەوەی ئەسپێ کەمتربێت:

  • جلوبەرگەکانیان بە شوێنی تایبەتی خۆیاندا هەڵبواسن و تێکەڵی جلی منداڵانی دیکەی نەکەن
  • شانە، کڵاو و ملپێچی کەسانی دیکە بەکارنەهێنن