گڵۆباڵ فایزەر پاوەر:سوپای عێراق لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی لە پلەی چوارەمدایە
بەگوێرەی نوێترین ریزبەندی، سوپای عێراق لەسەر ئاستی جیهان پلەی 45یەمینی گرتووە و لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبیش لەپلەی چوارەمدایە.
ناوەندی گڵۆباڵ فایزەر پاوەر بۆ ریزبەندی سوپا و کاروباری سەربازیی بڵاویکردەوە، لەسەر ئاستی جیهان سوپای ئەمریکا، پلەی یەکەمی گرتووەو لەساڵی 2023دا وەک بەهێزترین سوپای جیهان دەستنیشانکراوە.
ریزبەندی ناوەندەکە پشت بە چەندین هۆکار دەبەستێت، لەوانەش تەکنەلۆجیا و کەلوپەلی سەربازیی و رەوشی دارایی و جوگرافیی و ئەو توانا مرۆیی و لۆجستانەی کە لەبەردەستیدایە.
بەگوێرەی ریزبەندییەکە بۆ وڵاتانی عەرەبی، لە رووی هێزەوە سوپای میسر پلەی یەکەمی گرتووە لە وڵاتانی عەرەبی و 14یەمین سوپایە لەسەر ئاستی جیهان، یەک پلە پێش سوپای ئۆکرانیا کەوتووە.
سوپای سعودیە لە رووی هێزەوە، پلەی دووەمی ریزبەندییەکەی گرتووە لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی و 22یەمینە لەسەر ئاستی جیهان.
سوپای جەزائیر پلەی سێیەمی گرتووە لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی و لەسەر ئاستی جیهان پاشەکشەی کردووە و هاتووەتە پلەی 26یەمین.
لە پلەی چوارەم سوپای عێراق ریزبەندی چوارەمی وڵاتانی عەرەبی گرتووە و لەسەر ئاستی جیهانیش پلەی 45یەمینە، دوای عێراقیش سوپای ئیمارات لە پلەی پێنجەمی وڵاتانی عەرەبییە و دوای ئەویش سوپای مەغریبە کە پلەی شەشەمی وڵاتانی عەرەبی گرتووە.
لەسەر ئاستی جیهانیش سوپای ئەمریکا پلەی یەکەمی گرتووە و روسیا پلەی دووەم و چین پلەی سێیەمی گرتووە.
22/12/2023