ورمێ؛ گەورەترین دەریاچەی ئاوی سوێر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو وشكبوون دەڕوات
ئاوی دەریاچەی ورمێ بە شێوەیەک کەمیکردووە، تەنیا 4%ی ئاوی جارانی تێدا ماوە، لەساڵی رابردووەوە تاوەکو ئەمساڵ نزیکەی 80% ئاوەکەی کەمیکردووە.
رۆژنامەی ئیعتیمادی ئێرانی لە راپۆرتێكدا وێنەی بەراوردکاریی ساڵی رابردووی دەریاچەی ورمێی لەگەڵ ئەمساڵ بڵاوکردووەتەوە و نوسیویەتی، دواین وێنەکان ئەوە دەردەخەن، لەساڵی رابردووەوە تاوەكو ئێستا، 878 کیلۆمەتر چوارگۆشەی دەریاچەکە وشک بووە، بۆ ئەمساڵ 4%ی رووبەرەکەی ماوە.
لەدرێژەی راپۆرتەکەدا هاتووە، تەنیا 170 کیلۆمەتر چوارگۆشە ئاوی دەریاچەکە ماوە، ئەو بڕە یەکسانە بە 4%ی ئاوی پێشووتری دەریاچەکە.
رێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران بڵاویكردووەتەوە، بەهۆی زۆریی رێژەی بەهەڵمبوون، ئاستی ئاوی دەریاچەکە لە كۆتایی مانگی پێنجی ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا 24 سانتیمەتر دابەزیوە، تاوەکو ناوەڕاستی پاییز دۆخەکە خراپتریش دەبێت.
هەروەها کۆمپانیای ئاوی ورمێ رایگەیاندووە، لەساڵی 2014 تاوەکو 2023، نزیکەی حەوت ملیار مەتری سێجا ئاویان گەیاندووەتە دەریاچەکە، بەڵام ئێستا یەک لەسەر حەوتی ئەو ئاوەشی تێدا نەماوە، کە بۆی گواستراوەتەوە.
دەریاچەی ورمێ گەورەترین دەریاچەی ئاوی سوێری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، ئەو کاتەی کێشەی وشکبوونی نەبوو، رووبەری دەریاچەکە پێنج هەزار و 200 کیلۆمەتر چوارگۆشەبووە.

22/12/2023