چارەسەرەکانی ئازاری ئەژنۆ چین؟
ئەژنۆ، گەورەترین جومگەی جەستەیە، هەردوو ئێسکی ران و قاچ بەیەکەوە دەبەستێتەوە، لەبەرئەوەی ئەو جومگەیە هێزی هەموو جەستەی دەکەوێتە سەر، هەروەها جوڵەی زۆر تێدایە، بۆیە ئەگەری زیانپێگەیشتنی زۆرە، هەر ئەوەشە کە وادەکات ئازاری ئەژنۆ یەکێک بێت لە باوترین کێشەکانی جومگە.
مەرج نییە ئازاری ئەژنۆ هەموو جارێک و لە هەموو کەسێکدا وەکو یەک بێت، بەڵکو بەپێی ئەوەی کام بەشی جەمگەکە ئازاری پێگەیشتووە، ئازارەکە دەگۆڕێت:
- ئەگەر سەروو ئەژنۆ یان یان پشتەوەی ئازاری هەبێت: کێشەکە بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە ماسولکە، بەستەر و ژێیەکانی جومگەکەدایە
- ئازاری قوڵ لەناو جومگەکە: زیاتر هۆکارەکەی ئێسک و بەستەرە
- جگەلە شێوازەکانی سەرەوە، هەندێجار ئازاری ئەژنۆ لە بەشەکانی دیکەی قاچدا دەردەکەوێت.
ئازاری ئەژنۆ، دەکرێت بەردەوامبێت، دەشکرێت بێت و بروات. بۆنموونە، دەکرێت ئازار لە کاتی جوڵە یان نوشتاندنەوەی ئەژنۆدا دروستببێت، بە پشوودان باشترببێت. لە هەندێک کەسدا، زیاتر بەیانیان دوای لەخەوهەستان ئازاری هەیە، هەندێک کەسیش دوای ئەوەی لە کۆتایی رۆژەکەدا دەچێتە سەر جێگەی خەوتن، ئازارەکەی دەستپێدەکات.
هۆکارەکانی ئازاری ئەژنۆ چین؟
دەیان هۆکاری جۆراوجۆر هەن بۆ ئازاری ئەژنۆ:
- هەوکردنی ژێیەکانی ئەژنۆ
- هەوکردنی جومگە
- هەوکردنی ئێسکەکانی دەوری جومگەی ئەژنۆ
- بەرکەوتنی زەبر
- رۆماتیزم
- پچڕانی بەستەرەکانی ئەژنۆ
- شکانی ئێسکەکان
- لەجێچوونی جومگە
ئازاری ئەژنۆ چۆن چارەسەردەکرێت؟
رێگەکانی چارەسەر، بەپێی هۆکاری ئازارەکە دەگۆڕێن:
- پشوودان: هەندێک جۆری ئازاری جومگەی ئەژنۆ لەگەڵ جووڵە و چالاکیدا زیاتردەبێت، ئەو کەسانە دەتوانن سوود لە پشوودان وەربگرن وەکو چارەسەری کێشەکەیان
- سەهۆڵ: دوای ئەوەی زەبرێک بەر جومگەی ئەژنۆ دەکەوێت و کەسەکە دوچاری ئازاردەبێت، دەتوانێت لە رۆژی یەکەمدا، بۆ هەر کاتژمێرێک 15 بۆ 20 خولەک سەهۆڵ لەسەر شوێنی ئازارەکە دابنێت. دوای رۆژی یەکەم، دەکرێت هەموو سێ بۆ چوار کاتژمێر جارێک سەهۆڵی لەسەر دابنرێت. گرنگە سەهۆڵەکە راستەوخۆ نەخرێتە سەر ئەژنۆ، بەڵکو بخرێتە ناو پارچە قوماشێک یان خاولییەک.
- بەستن: بەستنی جومگەکە وادەکات بڕێکی کەمی خوێن بڕوات بۆ ئەژنۆ، ئەمەش ئاوسان کەمدەکاتەوە. بۆ ئەم مەبەستە دەکرێت پارچە قوماشێک یان باندجێک بەکاربهێنرێت.
- بەرزکردنەوە: لە کاتی پاڵکەوتندا، ئەژنۆ بەجۆرێک دابنرێت کە بکەوێتە سەروو ئاستی دڵەوە. بۆ ئەم مەبەستە دەکرێت سەرین یان بەتانییەک بخرێتە ژێر قاچەوە.
- چارەسەری سروشتی: ئەگەر ئازارەکە بەهۆی پێکان یان هەوکردنی جومگەکەوە بێت، لەوانەیە پێشنیازی چارەسەری سروشتی بۆ کەسەکە بکرێت. بەهۆی ئەم چارەسەرەوە ماسولکەکانی دەوری جومگەکە بەهێزدەبن، ئەمەش ئەژنۆ زیاتر جێگیردەکات و ئازارەکە کەمدەکاتەوە.
- نەشتەرگەری: زۆرینەی ئەو کەسانەی گرفتی ئازاری ئەژنۆیان هەیە، پێویستییان بە نەشتەرگەری نییە، جگە لەو کاتانەی ئازارەکە ئێجگار زۆرە و بە دەرمان و رێگەکانی دیکە چارەسەر ناکرێت. نەشتەرگەرییەکە جۆری زۆرە، بۆنموونە دەکرێت لەرێگەی ناوبین، کامێرا و هەندێک ئامێری دیکەوە ببرێنە ناو ئەژنۆ و نەشتەرگەرییەکی داخراو ئەنجامبدرێت. لە هەندێک کەسیشدا لەوانەیە پێویستبکات بەشێک لە جومگەکە، یان تەواوی جومگەکە بگۆڕێت.
چۆن رێگری لە ئازاری ئەژنۆ بکرێت؟
لە هەموو حاڵەتێکدا، ئازاری ئەژنۆ رێگریلێناکرێت، بەتایبەت ئەگەر بەهۆی پێکان یان هەوکردنی جومگەکانەوە بێت، بۆیە باشترین رێگە بۆ خۆپاراستن لە ئازاری ئەژنۆ، خۆپاراستنە لە پێکان و هۆکارەکان:
- پارێزەری پێویست بەکاربهێنرێت لە کاتی وەرزشکردندا
- لە کاتی بوونی ئازاردا وەرزشنەکرێت
- دوای وەرزشکردنی قورس، بەباشی پشووبدرێت
- بەر لە وەرزشکردن، جەستە گەرمبکرێت
23/12/2023