پاکستان پەنا بۆ بارانی دەستکرد دەبات
بۆ نەهێشتنی ئەو دووکەڵ و پاشماوانەی ئۆتۆمبێل و کارگەکان دەیخەنە هەواوە، هەرێمی لاهوری پاکستان پەنا بۆ بارانی دەستکرد دەبات.
پرۆسەی بارانبارینەکە 10 رۆژ لەمەوپێش لەڕێگەی جۆرێکی تایبەتی درۆنەوە ئەنجامدراوە، لەلایەن تیمێکی ئیماراتییەوە سەرپەرشتیکراوە کە 48 درۆنیان لە 10 ناوچەی جیاوازی ئاسمانی هەرێمی پونجاب فڕاندووە بۆ دروستکردنی باران و بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجامی تاقیکردنەوە دەربکەوێت.
دروستکردنی بارانی دەستکرد لە رێگەی درۆنێکی تایبەتەوە ئەنجامدەدرێت و چەند کانزایەکی وەک ئایۆدایدی زیو، ئایۆدایدی پۆتاسیۆم، سەهۆڵی وشک (دووەم ئۆکسیدی کاربۆن)، پرۆپان یاخود خوێ دەخەنە ناو هەورەکانەوە بۆ ئەوەی یارمەتیی دروستکردنی دڵۆپە باران بدەن.
تەکنەلۆجیای بارانی دەستکرد لە چەندین وڵاتی جیهان بەکارهاتووە لەوانە هیندستان، چین و ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، چەند رێگایەکی جیاواز هەیە بۆ ئەنجامدانی ئەم پرۆسەیە بەڵام شێوازە باوەکە پێکدێت لە بەکارهێنانی خوێیەکان بۆ دروستکردنی دڵۆپەی ئاو لە هەورەکاندا.
17/12/2023