کونی دڵ بۆچی دروستدەبێت؟
کونی دڵ، کێشەیەکی زگماکییە، تێیدا کونێک دروستدەبێت لەنێوان هەردوو گوێچکەلە یان سکۆڵەی لای راست و چەپی دڵ، بەجۆرێک هەندێجار خوێنی هەردوولا تێکەڵدەبێت.
بەشێوەیەکی ئاسایی، خوێنی پڕئۆکسجین لە سییەکانەوە دەگەڕێتەوە بۆ لای چەپی دڵ، دڵیش ئەم خوێنە دەنێرێت بۆ هەموو بەشەکانی جەستە، بۆئەوەی ئۆسکجینیان پێبگەیەنێت، دوای ئەوەی ئۆکسجینەکە گەیشت بە بەشەکانی جەستە، خوێنە کەمئۆکسجینەکە دەگەڕێتەوە بۆ لای راستی دڵ، دواتر دڵ ئەم خوێنەی لای راست دەنێرێت بۆ سییەکان، بۆئەوەی دووبارە ئۆکسجین بێتەوە ناوی. واتە بەشێوەیەکی گشتی، لای چەپی دڵ پرئۆکسجینە و لای راستی دڵ خوێنی کەمئۆسجینی تێدایە.
بوونی کون لە دڵدا، هەندێجار وادەکات خوێنی لای راستی دڵ، واتە خوێنی کەمئۆکسجین، دزەبکاتە ناو خوێنی لای چەپی دڵ و لەگەڵ خوێنە پرئۆکسجینەکە تێکەڵببێت، جا کاتێک دڵ ئەم خوێنە دەنێرێت بۆ بەشەکانی دیکەی جەستە بۆئەوەی ئۆکسجینیان پێبگات، بڕێکی کەم لە ئۆکسجین دەگاتە ئەو بەشانە.
چەند جۆرێکی کونی دڵ هەیە، جۆرێکیان ئەوەیە کە کونێک هەیە لەنێوان هەردوو سکۆڵەی دڵدا، جۆرێکیشیان ئەوەیە کە لەنێوان گوێچکەڵەکانی دڵدا کون هەیە، لەم بابەتەدا تەنیا باسی جۆری دووەمیان دەکەین.
ئەم کێشەیە، هەندێجار گەورە نییە و پێویستی بە چارەسەر نییە، بەڵام هەندێجار خوێنی هەردوو لاکەی دڵ بەڕاددەیەک تێکەڵدەبێت، جەستەی کەسەکە ئۆکسجینی پێویستی پێناگات، بۆیە دەبێت چارەسەر بکرێت.
نیشانەکانی بوونی کون لەنێوان گوێچکەڵەکانی دڵ چییە؟
هەرچەندە ئەم گرفتە هەر لە کاتی لەدایکبوونەوە هەیە، بەڵام زۆرجار کەسەکە هیچ نیشانەیەکی نابێت؛ ئەگەر نیشانە هەبێت، ئەمانە دەبن:
- کەمیی کێش
- دواکەوتنی گەشە
- هەوکردنی سییەکان بەشێوەیەکی دووبارە
ئەگەر کونەکە زۆر گەورەبێت، دەکرێت ئەم نیشانانەش هەبن:
- ناڕێکیی کارەبای دڵ
- شەکەتی
- کێشەی هەناسەدان
زۆرجار، ئەو کەسانەی لە تەمەنی منداڵی و هەرزەکاریدا نیشانەیان نەبووە، لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا نیشانەکانیان دەردەکەوێت، بەتایبەت 40 ساڵ بەرەوژوور:
- شەکەتی
- هەناسەتوندی لە کاتی وەرزشکردندا
- دڵەکوتێ
- خێرا لێدانی دڵ
- ئەستووربوونی قاچ و دەست
- شینهەڵگەڕان
هۆکارەکانی دروستبوونی کونی دڵ چین لە منداڵاندا؟
تاوەکو ئێستا بەتەواوی هۆکاری دروستبوونی کونی دڵ نازانرێت، بەڵام دەرکەوتووە کێشەیەک لە جینەکاندا روودەدات، هەروەها چەند هۆکارێک دەرکەوتوون کە ئەگەری ئەو گۆڕانکارییەی جینەکان زیاتردەکەن:
- خواردنەوەی کحول لە کاتی دووگیانی
- جگەرەکێشان لە کاتی دووگیانی
- وەرگرتنی هەندێک دەرمانی دیاریکراو
چارەسەری کونی دیواری نێوان گوێچکەڵەکان چییە؟
هەموو حاڵەتەکان پێویستییان بە چارەسەر نییە، بەتایبەت ئەگەر کونەکە بچووک بێت؛ بەڵام ئەگەر کونەکە گەورە بێت، هەندێکجار تەنەنات ئەگەر نیشانەشی نەبێت، لەوانەیە واباشتر بێت چارەسەر وەربگیرێت، بۆئەوەی پێشەکی رێگریبکرێت لە ماکەکانی.
بەپێی جۆر، قەبارە، کاریگەریی کونەکە لەسەر تەندروستیی دڵ و جەستە، رێگەی چارەسەرەکە دیاریدەکرێت. یەکێک لە رێگەکانی چارەسەر، نەشتەرگەریی کردنەوەی سنگە.
رێگەیەکی دیکە، بریتییەلە ئەنجامدانی قەستەرەی دڵ، لەم رێگەیەدا کەسەکە پێویستی بە نەشتەرگەریی گەورە نییە، تەنیا لەرێگەی پێستەوە بۆرییەک بەڕێدەکرێت کە چەند ئامێرێکی بەناودا تێپەڕدەکرێت بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری لەناو دڵدا.
کونی دیواریی نێوان گوێچکەڵەکان رێگریلێدەکرێت؟
هیچ رێگەیەکی دیاریکراو نییە بۆ ئەوەی بەدڵنیایی رێگری لە روودانی ئەم گرفتە بکرێت، بەڵام دەکرێت چەند هەنگاوێک بگیرێنەبەر بۆئەوەی ئەگەری روودانی کەمببێتەوە:
- دوورکەوتنەوە لە جگەرەکێشان لە کاتی دووگیانیدا
- دوورکەوتنەوە لە خواردنەوەی کحول
- دوورکەوتنەوە لە دوکەڵی جگەرەی کەسانی دیکە
24/12/2023