هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى تونس بەڕێوەدەچێت
بەیانیی ئەمڕۆ یەكشەممە، بنکەکانی دەنگدان لە تونس بەڕووی دەنگدەراندا کرانەوە، بۆ هەڵبژاردنی 277 ئەندام لە ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە دوو هەزار و 155 بنکە و بڕیاریشە هەر ئەمڕۆ کاتژمێر شەشی ئێوارە هەڵبژاردنەکە کۆتایی پێبێت.
کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی تونس رایگەیاندووە، بۆ ئەم هەڵبژاردنە ژمارەی بەربژێرەکان حەوت هەزار و 205 كەسن، لەو ژمارەیەش هەزار و 28 بەربژێر خاوەنپێداویستیى تایبەتن و بە تیروپشک هەڵدەبژێردرێن، بۆ بەدەستهێنانی کورسییەک لەو ئەنجوومەنە.
بەگوێرەی زانیارییەكان، ژمارەی ئەو گەنجانەی بەربژێرن 22% پێکدەهێنن و تەمەنیان لەخوار 35 ساڵە، ژنانیش بەڕێژەی 13.3% بەربژێری هەڵبژاردنەكەن.
میدیاكانی تونس ئاماژەیان بەوەكردووە، ئەو هاوڵاتیانەی دەتوانن لەم هەڵبژاردنەدا بەشداریی بکەن، ژمارەیان زیاترە لە نۆ ملیۆن و 79 هەزار، 51% رەگەزی مێینەن و 49% رەگەزی نێر.
24/12/2023