لە هێرشێكی ئیسرائیلدا بۆ سەر غەززە 75 ئەندامی خێزانێك كوژران

لە هێرشێكی ئیسرائیلدا لە كەرتی غەززە، 75 ئەندامی خێزانێك كوژران. فۆتۆ: AP
لە هێرشێكی ئیسرائیلدا لە كەرتی غەززە، 75 ئەندامی خێزانێك كوژران. فۆتۆ: AP

هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بەردەوامن، شەوى رابردوو بەهۆی هێرشی مووشەکی ئیسرائیلەوە، دەیان كەس لەو كەرتە  كوژران.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی بەرگریی شارستانی غەززە، لە هێرشەكانی شەوی رابردووی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر باڵەخانەیەک لەشاری غەززە و کەمپێکی پەنابەران لەناوەڕاستی کەرتەکە، 90 كەس گیانیانلەدەستداوە، لەیەکێک لەو هێرشانەدا، زیاتر لە 75 ئەندامی یەک خێزان کوژراون.

مەحمود بەسەڵ، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی غەززە رایگەیاند، نزیکەی 16 سەرۆکی خێزانێكی بە رەچەڵەک مەغریبی و ژن و منداڵەکانیان لە یەکێک لەو هێرشانەی ئیسرائیلدا کوژراون، ئەو هێرشە مووشەکییەی بووەتە هۆی کوژرانی ئەم خێزانە، بە یەکێک لە خوێناویترین هێرشەکان تاوەکو ئێستا دادەنرێت.

گوتەبێژی بەرگریی شارستانی كەرتی غەززە ئەوەی ئاشكراكرد، لەناو کوژراوانی ئەو خێزانەدا، کوڕێکیان ئەندامی بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوەیەکگرتووەکان بووە، خۆی و هاوسەرەكەی و پێنج منداڵی کوژراون.

بەگوێرەی کۆتا ئاماری وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین، لەجەنگی نێوان سوپای ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس، كە نزیكەی سێ مانگە بەردەوامە، تاوەکو ئێستا 20 هەزار و 258 کەس کوژراون، زیاتر لە 53 هەزار کەسی دیکە بریندارن.

نەتەوەیەکگرتووەکانیش رایگەیاندووە، لەکۆی دانیشتوانی غەززە کە ژمارەیان 2 ملیۆن و 300 هەزار کەسە، نزیکەی 85%یان ئاوارەبوون و بەدەست کەمیی پێداویستییە مرۆییە سەرەتاییەکانەوە دەناڵێنن.