ئەمریکا چەند سزایەك بەسەر بەرنامەی درۆنی ئێراندا دەسەپێنێت

لادانی پەردە لەسەر درۆنێكی ئێرانی لەساڵی 2023، كە تێیدا ئیبراهیم رەئیسی سەرۆكی ئەو وڵاتە ئامادەیە. فۆتۆ: AP
لادانی پەردە لەسەر درۆنێكی ئێرانی لەساڵی 2023، كە تێیدا ئیبراهیم رەئیسی سەرۆكی ئەو وڵاتە ئامادەیە. فۆتۆ: AP

ئیدارەی ئەمریکا رایگەیاند، سزایان بەسەر 10 قەوارە و 4 دامەزراوە لە ئێران، مالیزیا، هۆنگ کۆنگ و ئیندۆنیزیا سەپاندووە، ئەوەش بەهۆی پێشکەشکردنی پاڵپشتی بۆ بەرنامەی درۆنی ئێران.

بریان نیڵسۆن، بریکاری وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بۆ کاروباری تیرۆرستی و هەواڵگریی دارایی لە راگەیەندراوێکدا گوتی: "بەرهەمهێنانی نایاسایی ئێران لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان "درۆن" و دابینكردنی بۆ بریکارە تیرۆرستییەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رووسیا، دەبێتەهۆی زیادکردنی گرژییەکان و درێژەدان بە ململانێکان و تێکدانی سەقامگیری.

گوتیشی، ئەو کەسانەی سزاکان دەیانگرێتەوە بەدەیان هەزار دۆلار هاوکاریی ئێرانیان کردووە، بۆ دەستکەوتنی پێکهاتەی ئەمریکی و رۆژئاوایی بۆ بەرنامە درۆنییەكەی.

بریكاری وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا ئاماژەی بەوەشكردووە، حسێن ئەردکانی، کە سەرپەرشتی تۆڕی کڕینی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ رۆژهەڵاتی ئاسیا دەكات، سەدان هەزار دۆلاری بۆ كڕینی بزوێنەر و شتومەکی پێویست بۆ دانانی سیستمی درۆنەکان لە بەرژەوەندی سوپای پاسدارانی ئێران خەرجكردووە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاشكرای كردووە، پابەندن بە بەکارهێنانی سەرجەم ئامڕازە بەردەسەتەکان بۆ لەکارخستنی پێشکەوتنەکانی ئێران لەبواری فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و بڵاوبوونەوەی، کە دەبێتە هۆی تێکدانی سەقامگیریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەکرێت ببێتەهۆی درێژکردنەوەی ماوەی لەشکرکێشییەکانی رووسیا بەرامبەر ئۆکرانیا.

درۆنەکانى وڵاتى ئێران

سەرەتای دروستکردنی درۆن لەلایەن ئێرانەوە دەگەڕێتەوە بۆ بەهاری ساڵی 1999، ئەوکات درۆنی ئەبابیلی1ى بەرهەمهێنا، دواتر پەرەى بە پیشەسازیی درۆن داوە و دەستپێکی وەرجەرخانی دروستکردنی درۆن لەلایەن ئێرانەوە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2012.

درۆنی ئەبابیل، یەكەم جۆری درۆنی دروستكراوی ئێران لەساڵی 1999.

لەو ساڵەدا ئێران درۆنی شاهید 129ى تاقیکردەوە و دواتر لەمانگی ئەلیولی ساڵی 2013، محەمەد جافەری، فەرماندەى سوپاى پاسدارانی ئێران رایگەیاند: "درۆنەکانیان خاکەکەیان دەپارێزێت".

شاهید 129، لەساڵی 2013 دروستكرا كە بە وەرچەرخانی دروستكردنی درۆن بوو لە ئێران.

ئێران جگە لەوەی خاوەنی درۆنی شاهید 129یە، خاوەنی چەند جۆرێکی دیکەی درۆنە.

ئێران 10 مۆدێلی جیاوازی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژیی هەیە، لە کاتی لێداندا دەتەقنەوە و دەتوانن وەک موشەکی بالیستی وردبن و هاوکات دەشتوانن خۆیان لە رادار بپارێزن، وەكو مۆدێلە بچوکەکانی شاهید-139 کە کەمتر لە 45 کیلۆگرام تەقەمەنی هەڵدەگرن.

فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی شاهید 139، دەتوانێت خۆی لە رادار بدزێتەوە.

یەکێکی دیکە لە درۆنەکانی ئیران، مێراج-521ە، تەنیا سێ کیلۆگرام تەقەمەنی هەڵدەگرێت و دەتوانێت 15 خولەک لە ئاسماندا بمێنێتەوە، مەودای فڕینی 5 کیلۆمەترە.

مێراج - 521، دەتوانێت سێ كیلۆگرام تەقەمەنی هەڵبگرێت.

فۆترۆس، لە ساڵی 2020، لەلایەن سوپای پاسدارانەوە دروستکردنی راگەیەندرا و مەودای فڕینی لە 1700 کیلۆمەترەوە تاوەكو 2000 کیلۆمەترە، توانای مانەوەی لە ئاسماندا 30 کاتژمێرە.

فۆترۆس، دەتوانێت 30 كاتژمێر لەئاسماندا بمێنێتەوە.