داوای 700 ملیار دیناری دیكە قەرز بۆ هەرێمى کوردستان دەكرێت
ئەندامێکى لیژنەى دارایی ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق رایگەیاند، داوایانکردووە بڕى 700 ملیار دینار وەکو قەرز بۆ هەرێمى کوردستان رەوانەبکرێت، بۆ دابەشکردنى مووچەى فەرمانبەران.
جەمال کۆچەر، ئەندامى لیژنەى دارایی ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بە کەناڵ8ـى گوت، بەشێوەیەکى فەڕمى داوایان لە حکومەتى عێراق کردووە ئەو بڕە پارەیە رەوانە بکات، چونکە ئەگەری هەیە هەموارکردنەوەى یاساى بودجە دوابکەوێت، ئەمەش کێشە بۆ حکومەتى هەرێم دروستدەکات و ناتوانێت لەسەرەتاى ساڵى نوێ مووچە دابەشبکات.
سەبارەت بەبڕیارى ناردنى 700 ملیارەکە، جەمال کۆچەر ئاماژەی بەوەكرد: "ئێمە داوامانکردووە و پێشبینیدەکەین لەدواى سەرى ساڵ حکومەتى فیدڕاڵ لەکۆبونەوەى ئەنجوومەنى وەزیران گفتوگۆى لەسەر بکات".
لەوەڵامى ئەوەى حکومەتى عێراق و لایەنە سیاسییەکان رازیبوون بە هەموارکردنەوەى پرۆژە یاساى بودجە، جەمال کۆچەر باسیلەوەكرد، پێشتر فراکسیۆنە شیعەکان و حکومەتى عێراق و خودى سەرۆکوەزیران ناڕازیبوون لە هەموارەکە، بەڵام ئێستا رازین و کێشەیان نییە".
بەگوتەى ئەو پەرلەمانتارە، ئەوە هەنگاوێکى گرنگە و ئێستا نزیکبوونەوە هەیە لەلایەن هەردوو حکومەتى ناوەندى و هەرێمى کوردستان بۆ لەیەكتێگەیشتن و هەموارکردنەوەى پڕۆژەیاساکە و دەستکارییکردنى ئەو بڕگانەى تایبەتنبە هەرێمى کوردستان.
ئەوەشى گوت، حکومەتى هەرێم نەرمى نواندووە لە داواکارییەکان و تەنیا رازى نییە بەوەى مووچەى فەرمانبەران بەشێوەیەکى راستەوخۆ لەلایەن بەغدادەوە خەرجبکرێت.
تاوەكو ئێستا مووچەی سێ مانگی كۆتایی ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستان دابەشنەكراوە، بەهۆی ئەوەشەوە لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەسەربەخۆكانی گەرمیان و راپەڕین، بایكۆتی مامۆستایان و فەرمانبەران بەردەوامە.
29/12/2023