روانگەی سووری: لە 2023 چوار هەزار و 360 کەس لە سووریا کوژراون

وێرانكاریی لەناوچەی سەیفی سەربە حەلەب لە سووریا بەهۆی شەڕەوە. فۆتۆ: AP
وێرانكاریی لەناوچەی سەیفی سەربە حەلەب لە سووریا بەهۆی شەڕەوە. فۆتۆ: AP

روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، تەنیا لەساڵی 2023دا بەهۆی شەڕەوە لە سووریا، چوار هەزار و 360 کەس کوژراون.

روانگەكە لە ئامارێكدا ئاشكرایكردووە، لەساڵی 2023دا  هەزار و 889 هاوڵاتی مەدەنی لەنێو کوژراواندا بوون، لەنێوانیاندا 241 ژن و 307 منداڵ هەبووە.

روونیشكراوەتەوە، هەر لەوساڵەدا 898 ئەندامی هێزەکانی رژێمی سووریا و 600 چەکدار لە گروپەکانی دیکەی سووریا و بیانی، وەکو چەکدارانی داعش و گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکان و سوپای سوریای دیموکرات و یەکە کوردییەکان کوژراون.

روانگەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەم ژمارەیە زیاتربووە لەچاو ساڵی 2022 کە سێ هەزار و 800 کوژرا و هەبووە، لەوساڵەدا کەمترین ئاماری کوژران لە سووریا بەهۆی شەڕەوە تۆمارکراوە .

هاوكات ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاندووە، لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا شەڕ لەناوچە جیاوازەکانی سووریا بەتایبەتی پارێزگای ئیدلب کەمبووەتەوە، بەهۆی ئەوەی لەلایەن بەرەی نوسرە بەڕێوەدەبرێت و لە ئازاری ساڵی 2020ەوە بەگوێرەی رێککەوتننامەیەکی تورکی و رووسی ئاگربەست پەیڕەودەکرێت.

لەساڵی 2011ەوە شەڕ لە سووریا سەریهەڵداوە و بەهۆیەوە زیاترلە نیو ملیۆن کەس کوژراون، زیانی گەورە بە ژێرخان و ئابووری ئەو وڵاتە گەشتووە و زیاترلە نیوەی دانیشتوانەكەی ئاوارەی ناوخۆ و دەرەوەی سووریا بوون.