چۆن بزانیت رۆژانە چەند کالۆری دەسووتێنیت؟

هەژمارکردنی کالۆری گرنگە بۆ دابەزاندنی کێش
هەژمارکردنی کالۆری گرنگە بۆ دابەزاندنی کێش

بۆ دابەزاندنی کێش، دەبێت رۆژانە بڕی کالۆریی سوتێنراو زیاتربێت لە بڕی کالۆریی وەرگیراو. بۆ ئەمەش دەبێت کەسەکە بزانێت چۆن ژمارەی ئەو کالۆرییانە هەژماردەکرێت کە وەردەگیرێت و دەسووتێنرێت. بڕی کالۆری سووتاو، پەیوەستە بە کێش، باڵا، رەگەز و چالاکیی کەسەکەوە، بۆیە ئەو هاوکێشانەی دانراون بۆ هەژمارکردنی کالۆری، پشتدەبەستن بەم شتانە.

بەگشتی، سێ جۆری ماددەی خۆراکی هەن کە سەرچاوی وزە و کالۆرین بۆ مرۆڤ، ئەوانیش چەوری، کاربۆهیدرات و پرۆتینن، رێژەی کالۆری لە هەر یەکێکیاندا جیاوازە:

جۆرکالۆری بۆ هەر گرامێک
کاربۆهیدرات4 کالۆری
پرۆتین4 کالۆری
چەوری9 کالۆری

کەواتە بڕی کالۆریی سووتاوی رۆژانە چۆن هەژماربکرێت؟

هاوکێشەیەک هەیە بەناوی هاریس بێندیکت، کە لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا پەرەیپێدراوە، دواتر لە هەشتا و نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا نوێکراوەتەوە، کۆتاجاریش کە نوێ کرایەوە ساڵی 2023 بوو. ئەم هاوکێشەیە، پشتدەبەستێت بە هەژمارکردنی رێژەی زیندەچالاکیی بنەڕەتی، واتە بڕی ئەو کالۆرییەی کە کەسێک لە کاتی پشووداندا، بەبێ ئەنجامدانی هیچ چالاکییەک، دەیسووتێنێت. دواتر ئەم رێژەیە لێکدانی بڕی چالاکیی رۆژانەی کەسەکە دەکات.

هاوکێشەکە بەم جۆرەیە:

پیاوان= (x 9.65 کێش بە کیلۆگرام) + (x 573 باڵا بە مەتر) – (x 5.08 تەمەن بە ساڵ) + 260

ژنان= (x 7.38 کێش بە کیلۆگرام) + (x 607 باڵا بە مەتر) – (x 2.31 تەمەن بە ساڵ) + 43

دوای هەژمارکردنی رێژەی زیندەچالاکیی بنەڕەتی، ئەنجامەکە لێکدانی ژمارەیەکی دیکە دەکرێت کە پەیوەستە بە بڕی چالاکیی رۆژانەی کەسەکەوە:

کەسێک کە هیچ چالاکییەکی رۆژانەی نییە، یان چالاکی زۆر کەمە1.2 خاڵ
کەسێک کە هەفتانە 1-3 رۆژ لە هەفتەیەکدا وەرزشی سوک دەکات1.37 خاڵ
کەسێک کە هەفتانە 3-5 رۆژ وەرزشی مامناوەند دەکات1.55 خاڵ
کەسێکی زۆر چالاک کە هەفتانە 6-7 رۆژ وەرزشی قورس دەکات1.725 خاڵ
کەسێک کە ئیشەکەی چالاکیی جەستەیی ئێجگار زۆری تێدایە، یان وەرزشی لەراددەبەدەر قورس دەکات1.9 خاڵ

با بە نموونەیەک زیاتر ئەمە روونبکەینەوە

بۆئەوەی بزانین سارای 25 ساڵ کە باڵای 1.65 مەترە و کێشی 63 کیلۆگرامە، هەفتانە سێ رۆژ وەرزشی سوک ئەنجامدەدات، رۆژانە چەند کالۆری دەسووتێنێت:

سەرەتا، رێژەی زیندەچالاکیی بنەڕەتی هەژماردەکەین:

ژنان= (x 7.38 کێش بە کیلۆگرام) + (x 607 باڵا بە مەتر) – (x 2.31 تەمەن بە ساڵ) + 43

زیندەچالاکیی بنەڕەتیی سارا= (x 7.38 63کگم) + (x 607 1.65م) – (x 2.31 25) + 43

زیندەچالاکیی بنەڕەتیی سارا= 464.9 + 1001 – 57.7 + 43

زیندەچالاکیی بنەڕەتیی سارا= 1566.6

هێشتا تەنیا زیندەچالاکیی بنەڕەتیمان هەژمارکردووە، بۆئەوەی بزانین کە سارا رۆژانە چەند کالۆری دەسووتێنێت، دەبێت ئەو ئەنجامەی بۆمان دەرچووە، لێکدانی ئەو خاڵەی بکەین کە دراوە بە سارا سەبارەت بە چالاکیی جەستەیی. بۆنموونە سارا هەفتانە سێ رۆژ وەرزشی سوک ئەنجامدەدات، بۆیە 1.37 خاڵی دەدەینێ. کەواتە، ئەنجامی زیندەچالاکیی بنەڕەتیی سارا لێکدانی 1.37 دەکەین:

بڕی کالۆریی سووتاوی سارا= 1.37x1566.6

بڕی کالۆریی سووتاوی سارا = 2146 کالۆری