دیاترین کتێبەکانی چارەکی یەکەمی 2024

بە لێکدانەوەی رۆژنامەی گاردیان، ساڵی 2024، ساڵی بڵاوبوونەوەی ژمارەیەک لە کتێبە مەزنەکان دەبێت، لە بوارەکانی ژیاننامە و ناخەیاڵییدا، دیارترین کتێبەکان بڵاودەبنەوە، لێرەدا، ئاماژە بە گرنگترین ئەو کتێبانە دەدەین، کە لە چارەکی یەکەمی ساڵی نوێدا بڵاودەبنەوە.

پیاوی نمایش: چیرۆکی ئەو داگیرکردنەی جیهانی لەرزان و ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرکردەی دروستکرد – لە نووسینی سایمن شوستەر

رۆژنامەنووسی گۆڤاری تایمی ئەمریکی، لەماوەی هێرشەکانی روسیا بۆسەر ئۆکرانیا، توانی بەشێوەیەکی بەرچاو، لە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا نزیکببێتەوە، لەم کتێبە بایۆگرافییەدا، شوستەر، کەسایەتیی و پاڵنەرەکانی زێلێنسکی رووندەکاتەوە و نیشانیدەدات، چۆن ئەکتەرێکی دراما تەلەفزیۆنییەکان، بوو بە پاڵەوانی جەنگ؛ هێرشێک، جیهانی لەرزان و سەرکردەیەکی دروستکرد.

The Showman: Inside Story of the Invasion That Shook the World and Made a Leader of Volodymyr Zelensky
نووسەر: Simon Shuster
جۆر: ژیاننامە – سیاسی - جەنگ
ژمارەی پەڕە: 384
زمانی نووسین: ئینگلیزی
رێکەوتی بڵاوبوونەوە: 23ی کانوونی دووەم

کۆتایی جیهان نییە: چۆن بتوانین ببین بە یەکەمین نەوە هەسارەیەکی لەبار دروستبکەین – لە نووسینی هانا ریچی

لە چوارچێوەی ناونیشان و مانشێتی بڵاوکراوە جیهانییەکان، بۆ تێکچوونی ژینگە و هەنگاونان بەرەو جیهانێکی نالەبار و پڕ لە مەترسیی، خانمە نووسەر و زانای زانیارییەکان، هانا ریچی، ئومێدێک بۆ خوێنەرانی دەگێڕێتەوە، پرسیار لە هەمووان دەکات؛ ئاخۆ هیچ هیوایەک بوونی ماوە بۆ رزگارکردنی ژینگەی هەسارەکەمان؟ بەشێوەیەکی ئومێدەبەخشانە، وەڵامی ئەم پرسیارە بە "بەڵێ" دەداتەوە و لە چەند دەرئەنجامێکی جیاوازەوە خوێنەر دەگەیەنێت بەم وەڵامە، لەڕێگەی زانیارییە زانستییەکانەوە، ریچی کتێبەکەی دەوڵەمەند دەکات و هەناسەیەکی ئارام بۆ خوێنەرەکانی دێنێتەوە.

Not the End of the World: How We Can Be the First Generation to Build a Sustainable Planet
نووسەر: Hannah Ritchie
جۆر: زانستی - ژینگە
ژمارەی پەڕە: 352
زمانی نووسین: ئینگلیزی
رێکەوتی بڵاوبوونەوە: نۆی کانوونی دووەم

رزگاربووەکان: چیرۆکی ونبووی کۆتا دەستبەسەرکراوەکانی کۆیلایەتیی ئەمریکا – لە نووسینی هانا دورکین

ساڵی 1860، کەشتی "کۆلتیدا"، کۆتا کەشتی تۆڕی بازرگانیکردنی مرۆڤ و کۆیلەکانی جیهان بوو بەرەو ئەمریکا، خانمە مێژوونووس، هانا دورکین، چارەنووسی ئەو مرۆڤانە هەڵدەداتەوە، کە وەکو کۆیلە، لەسەر ئەم کەشتییە گوازراونەتەوە بۆ ئەمریکا و بەشێکیان تاوەکو سەدەی بیستەم ژیاون، ئەم کتێبە، پێشبینی دەکرێت، کاریگەریی لەسەر رەوتی داکۆکیکردن لە مافی رەشپێستەکان بکات لە ئەمریکا، هەڵدانەوەی ئەو چیرۆکە نەبیستراوانەیە، کە کۆتا رووداوی کۆیلایەتییان تیادا دروستبووە.

Survivors: The Lost Stories of the Last Captives of the American Slave Trade
نووسەر: هانا دورکین
جۆر: مێژوویی
ژمارەی پەڕە: 336
زمانی نووسین: ئینگلیزی
رێکەوتی بڵاوبوونەوە: 30ی کانونی دووەم

شۆڕشی نوێی ئێران: ژن، ژیان ئازادی – لە نووسینی ئارش عەزیزی

مردنی مەهسا (ژینا) ئەمینی لە ساڵی 2022، هۆکاری سەرهەڵدانی خۆپیشاندانی فراوان و شۆڕشی سەر زاری زۆرینەی بەرەی نارازی ناوخۆ و دەرەوەی ئێران بوو لە رژێمی وڵاتەکە، ئارش عەزیزی، لەڕێگەی نوێترین کتێبی خۆیەوە، رەوتی ژن ژیان ئازادی روون دەکاتەوە و نیشانیدەدات مردنی ئەمینیی چۆن توانی کاریگەریی لەسەر دروستبوونی بزاوتێکی گەورە و کاریگەر دروستبکات لە هەناوی رژێمدا.

Iran’s New Revolution: Women, Life, Freedom
نووسەر
: Arash Azizi
جۆر: مێژوویی – سیاسی - بایۆگرافی
ژمارەی پەڕە: 197
زمانی نووسین: ئینگلیزی
رێکەوتی بڵاوبوونەوە: 25ی کانونی دووەم

چەقۆ – لە نووسینی سەلمان روشدی

سەلمان روشدی براوەی خەڵاتی بووکەر و نووسەری دیار لە جیهانی رەخنەی ئاینییدا، پاش ئەوەی ساڵی 2022، دەبێت بە قوربانیی هێرشێکی مەترسیدار و پەرجووئاسا دەربازی دەبێت، بەسەرهاتی پاش رووداوەکە دەگێڕێتەوە و لە گۆشەنیگای تایبەتیی خۆیەوە لە لێکەوت و پێشهاتەکانی ئەم رووداوە دەکۆڵێتەوە، روونیدەکاتەوە، چۆن توانیویەتی لەڕێگەی تێڕامان و بیرکردنەوە و تێفکرینەوە، لە هەوڵەکانی ئەم هێرشە تێبگات و خۆی لەگەڵ دۆخەکەدا بگونجێنێت.

Knife
نووسەر: Salman Rushdie
جۆر: ژیاننامە
ژمارەی پەڕە: 224
زمانی نووسین: ئینگلیزی
رێکەوتی بڵاوبوونەوە: 16ی نیسان