وەزارەتی تەندروستی غەززە كۆتا ئاماری کوژراوانی كەرتەكەی بڵاوكردەوە
وەزارەتی تەندروستی كەرتی غەززە كە سەربە بزووتنەوەی حەماسە رایگەیاند، ژمارەی کوژراوان بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر ئەو كەرتە، بەرزبووەتەوە بۆ زیاتر لە 22 هەزار کەس.
وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەكردووە، لەماوەی 91 رۆژی شەڕدا ژمارەی کوژراوان بەردەوام بەرزدەبێتەوە، لەکۆتا ئاماردا گەیشتووەتە 22 هەزار و 600 کەس.
روونیشكراوەتەوە، تەنیا لەهێرشەكانی 24 کاتژمێری رابردوودا بۆسەر کەرتەکە 162 کەس کوژراوە، ژمارەی بریندارەكانیش گەیشتووەتە 57 هەزار و 910 کەس.
هاوكات بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتەکە، 70%ی قوربانییەکان ژن و منداڵن، نەتەوەیەكگرتووەكانیش ئەوەی ئاشكراكردووە كە ئاوارەبووانی کەرتەکە نزیکەی دوو ملیۆن کەسن، لە ناوخۆی وڵاتەکە و وڵاتانی دراوسێدا ئاوارەبوون.
لە رۆژی 7ی ئۆكتۆبەری 2023، شەڕی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل دەستیپێكردووە و تاوەكو ئێستا بەردەوامە، ئەوەش سەرەڕای هەوڵەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان و چەندین وڵاتی دیكە بۆ راگرتنی شەڕ، تاوەكو ئێستاش ئیسرائیل ئامادەی راگەیاندنی ئاگربەست نییە.
05/01/2024