هەوکردنی ڤایرۆسیی جگەر چۆن دەگوازرێتەوە؟

پێنج جۆری جیاواز لە ڤایرۆسی جگەر هەن
پێنج جۆری جیاواز لە ڤایرۆسی جگەر هەن

جگەر، یەکێکە لە گرنگترین ئەندامەکانی جەستە، بەجۆرێک کە بەشێکی زۆری پرۆتینەکانی جەستە لەوێدا دروستدەکرێن، هەروەها گرنگە بۆ فرمانی هەرسکردن و شیکردنەوەی خۆراک و دەرمانە جۆراوجۆرەکان. یەکێک لەو نەخۆشییە باوانەی توشی ئەم ئەندامە گرنگەی جەستە دەبێت، هەوکردنە.

هەوکردنی جگەر، هۆکاری زۆرە، دەکرێت بەهۆی کحول، نەخۆشییە دژەخۆییەکان و ڤایرۆسەوە رووبدات. ئەگەر هۆکاری نەخۆشییەکە ڤایرۆس بێت، شێوازی گواستنەوەکەی بەپێی جۆری ڤایرۆسەکە دەگۆڕێت، دەکرێت لەرێگەی خۆراک و ئاوی پیس، سێکس و دەرزییەوە بگوازرێتەوە.

چەند جۆری ڤایرۆسی جگەر هەن؟

تاوەکو ئێستا، پێنج جۆر ڤایرۆسی جگەر ناسراون، ئەوانیش ڤایرۆسی جگەری (A,B,C,D,E)، هەر یەکێک لەم جۆرانە تایبەتمەندیی خۆی هەیە و بەجۆرێک کاردەکاتە سەر جگەر و جەستە.

  • ڤایرۆسی جگەری جۆری A: ئەم جۆرەیان لەرێگەی خۆراک و ئاوی پیسەوە دەگوازرێتەوە. بەراورد بە جۆرەکانی دیکەی ڤایرۆسی جگەر، کێشەی درێژخایەن دروستناکات، لە ماوەی چەند مانگێکدا بنبڕدەبێت. هەرچەند هەندێجار دەکرێت مەترسیداربێت و ببێتەهۆی پەککەوتنی جگەر.
    جۆری A، ڤاکسینی تایبەتی هەیە و دەکرێت رێگریلێبکرێت.
  • ڤایرۆسی جگەری جۆری B: دەکرێت کەسی توشبوو بۆ ماوەیەکی زۆر هەست بە هیچ نیشانەیەک نەکات، لە کاتێکدا ڤایرۆسەکە دەگوازێتەوە بۆ کەسانی دیکە. هەرچەندە %95 ئەوانەی توشی ئەم جۆرەیان دەبن چاکدەبنەوە، بەڵام هەندێک حاڵەت دەبن بە نەخۆشیی درێژخایەن؛ هەرچەند کەسەکە لە کاتی توشبووندا گەنجتر بێت، ئەگەری ئەوە زیاترە نەخۆشییەکەی ببێت بە درێژخایەن.
  • ڤایرۆسی جگەری جۆری C: باوترین جۆری ڤایرۆسی جگەرە و مەترسیداریشە، چونکە نزیکەی %75 بۆ %85 حاڵەتەکان دەبن بە هەوکردنی درێژخایەن. هاوشێوەی جۆری B، لەرێگەی سێکس و دەرزیی تاتۆی بەکارهاتوو دەگوازرێتەوە، بەڵام بەپێچەوانەی جۆری B، تاوەکو ئێستا هیچ ڤاکسینێکی نییە.
  • ڤایرۆسی جگەری جۆری D: ئەم جۆرەیان بەتەنیا ناتوانێت کەسێک نەخۆشبخات، بەڵکو پێویستی بە هاوکاریی جۆری B هەیە، واتە ئەگەر کەسێک ڤاکسینی جۆری B وەرگرتبێت، ئەوا توشی جۆری Dیش نابێت.
  • ڤایرۆسی جگەری جۆری E: زۆر لە جۆری A دەچێت، لەرێگەی ئاو و خۆراکی پیسەوە دەگوازرێتەوە. هەرچەندە ڤاکسینی تایبەت بەم جۆرەیان دروستکراوە، بەڵام لە هەموو شوێنێک بەردەست نییە، بۆیە ئەم ڤایرۆسە باوە.

نیشانەکان چین؟

  • میزی رەش
  • ئازاری گەدە
  • زەردوویی
  • کاڵبوونەوەی رەنگی پیسایی
  • تایەکی کەم
  • نەمانی ئارەزووی خواردن
  • شەکەتی
  • ئازاری ماسولکە

چۆن لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگوازرێتەوە؟

جۆری A لەرێگەی خۆراک و ئاوی پیسبوو بە پیسایی کەسی توشبوو دەگوازرێتەوە، هەروەها دەکرێت لەرێگەی پەیوەندیی سێکسیش بگوازرێتەوە.

جۆری B دەکرێت بەم رێگەیانە بگوازرێتەوە:

  • سێکسکردن لەگەڵ کەسی توشبوو
  • بەکارهێنانی دەرزییەکی بەکارهاتوو
  • بەرکەوتنی راستەوخۆ لەگەڵ خوێنی کەسی توشبوو
  • لە دایکی دووگیانەوە بۆ کۆرپەلە
  • بەرکەوتن لەگەڵ شلەکانی کەسی توشبوو (لیک، تۆو، دەردراوەکانی زێ)

گواستنەوەی خوێنیش دەکرێت ببێتەهۆی گواستنەوەی نەخۆشییەکان، بەڵام ئێستا خوێنی وەرگیراو، بەرلەوەی بدرێت بە کەسێکی دیکە، پشکنینی پێویستی بۆ دەکرێت، بۆیە گواستنەوەی ڤایرۆسەکان لەرێگەی خوێنەوە بە رێژەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە.

ڤایرۆسی جگەر چارەسەری هەیە؟

ڤایرۆسی جگەر جۆری A، هیچ چارەسەرێکی نییە. بەڵام ئەگەر زوو پێی بزانرێت، دەکرێت ڤاکسینەکەی وەربگیرێت و رێگریبکرێت لە چالاکییەکانی ڤایرۆسەکە لەناو جەستە.
جۆرەکانی دیکەی ڤایرۆسەکە، چارەسەری پێویستیان هەیە، بەڵام مەرج نییە ئەم چارەسەرانە بۆ هەموو حاڵەت و کەسێک کاریگەربن.

چی مەترسیی توشبوون زیاددەکات؟

  • هاوبەشیکردن بە دەرزی
  • بەکارنەهێنانی کۆندۆم لە کاتی سێکس، یان سێکس لەرێگەی کۆمەوە
  • بوونی چەند هاوبەشێک
  • خواردنەوەی بڕێکی زۆر لە کحول
  • بەدخۆراکی
  • کارکردن لە نەخۆشخانە
  • دایەلیزە (شۆردنی گورچیلە)

چۆن رێگریلێبکرێت؟

  • وەرگرتنی ڤاکسینە بەردەستەکان
  • بەکارهێنانی کۆندۆم لە کاتی سێکسکردندا
  • بەکارنەهێنانی دەرزیی بەکارنەهاتوو
  • راگرتنی پاکوخاوێنی
  • بەکارنەهێنانی کەلوپەلی کەسی توشبوو
  • خواردنەوەی ئاوی بوتڵ لە کاتی گەشتکردن